Accessibility links

" ڕێکەوتنێکی نهێنی " دژی بوونی ئێران لە سوریادا


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو
سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو

لەنێوەندی ترسەکاندا سەبارەت بە گەشەکردنی پێشێلکارییە سەربازییەکانی نێوان ئیسڕائیل و ئێران لەناو خاکی سوریادا، هەندێک ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکانی ئیسڕائیل ئاماژە بە بوونی ڕێکەوتنێک دەکەن کە لەوانەیە گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە کەم بکاتەوە.

بەپێی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسڕائیل، ئیسڕائیل گەیشتووە بە ڕێکەوتنێکی نهێنی لەگەڵ ڕوسیادا بۆ ئەوەی ئەو هێزە ئێرانیانەی کە لە سوریادا هەن دووربن لە سنوورەکانی ئیسڕائیلەوە.

بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی ئاماژەی پێدراوە، ئیسڕائیل ڕازی دەبێت بە گەڕانەوەی هێزەکانی ڕژێمی سوریا بۆ سەر سنووری بەرزاییەکانی گۆلان، لەبەرامبەر ئەوەشدا ڕوسیا دەبێت گرەنتی ئەوە بدات کە هیچ هێزێکی دیکەی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران وەکو حیزبوڵای لوبنانی لە ناوچەکەدا نەمێنن.

بەپێی ڕێکەوتنەکە ڕوسیا داوا لە هەموو هێزە بیانییەکانی ناو سوریا دەکات بڕۆن، بە هێزەکانی ئیڕان و حیزبوڵا و هێزەکانی ئەمەریکا و تورکیاشەوە.

بەپێی کەناڵی ئیسڕائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەنێوان وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ئافیگدۆر لیبەرمان و هاوتا ڕوسیەکەی سێرگەی شویگۆ ڕێکەوتنەکە چۆتە قۆناغی کۆتاییەوە، لیبەرمان هەفتەی داهاتوو سەردانی مۆسکۆ دەکات.

لە ماوەی ڕابردوودا وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە زۆر گرنگە هێزەکانی ئێران و حیزبوڵا لەسەر سنووری باشوری سوریا لەنزیک ئیسڕائیل دووربخرێنەوە. ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت تەنها سوپای سوریا لەو ناوچەیەدا هەبن.

لە دوای ئەم لێدوانەش کە هەندێک پێیان وایە داگیرساندنی گڵۆپی سەوز بووە بۆ بوونی هێزەکانی ئێران لە هەر ناوچەیەکی دیکەی سوریادا جگە لە ناوچەکانی سنووری سوریا لەگەڵ ئیسڕائیل، سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو وتی هێزەکانی ئیران لە هەر شوێنێکی سوریادا هەبن ئەوا ئیسڕائیل دەیانکاتە ئامانج.

ئەم ڕێکەوتنەش ماف بە هەر مامەڵەیەک دەدات بەرامبەر چالاکییە سەربازییەکانی ئێران لە سوریادا.

کەناڵی ئیسڕائیل لە زاری سەرچاوەیەکی سیاسیەوە بڵاویکردەوە بەپێی ئەم " مافە " ئێسڕائیل ئەو ڕێکەوتنەی زۆر بەلاوە گرنگە چونکە ئەوە مانای ئەوەیە ڕوسیا و ئەمەریکا پشتیوانی لە دژایەتییەکەی ئیسڕائیل دەکەن لەبەرامبەر بوونی هێزەکانی ئێران لە سوریادا.

بەپێی بەرپرسێکی باڵای ئیسڕائیل، ئەم ڕێکەوتنە مانای ئەوەیە سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد زۆربەی خاکەکانی سوریا دەگرێتەوە، لەژێر پارێزگاری ڕوسیادا، دوای حەوت ساڵ لە هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سوریا.

سەرچاوە/ سکای نیوز

XS
SM
MD
LG