سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە مۆسکۆ کۆبوونەوە و تیایدا ناتانیاهو نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران.
سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو لەمیانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن باسی لە هەڕەشەکانی ئێران کرد لە سوریادا.
ناتانیاهو وتی " ئێران گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و ئەوەی لەتواناماندا بێت دەیکەین بۆ دورخستنەوەی ئەم مەترسییە."
لەلای خۆیەوە پوتن وتی زۆر گرنگە گفتوگۆ بکرێت لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکەوە.
ئێران و ڕوسیا و حیزبوڵا هاوپەیمانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدن، ناتانیاهوش چەند جارێک دووپاتی کردۆتەوە ڕێگە نادات بە ئێران سوریا وەکو بنکەیەکی سەربازیی بەکاربهێنێت دژی ئیسڕائیل.
ناتانیاهو پێش گەشتەکەی بۆ مۆسکۆ وتی " گفتوگۆکان سەنگ دەخەنە سەر ڕێگەگرتن لە زیادبوونی دەسەڵاتی ئێران لە سوریادا و ڕێگەگرتنە لەم وڵاتە کە دەڵێت ئامانجمان لەناوبردنی ئیسڕائیلە."
ناتانیاهو وتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتندا زۆر گرنگە چونکە دەتوانێت بە ئازادی بجوڵێت دژی ئێران و حیزبوڵا لە سوریادا بەبێ ئەوەی بەریەککەوتن ڕووبدات لەگەڵ ڕوسیادا.
ناتانیاهو وتی " بەدڵنیاییەوە لەگەڵ سەرۆک پوتندا گفتوگۆ دەکەین لەسەر چۆنێتی هەماهەنگی کردن لەنێوان سوپای ڕوسیا و ئیسڕائیلدا تاوەکو خۆمان بەدوور بگرین لە بەریەککەوتن."
وتیشی " ئەمە ئامانجی سەرەکیمە لە گەشتەکەمدا بۆ مۆسکۆ."
سەرچاوە/ فرانس پرێس