Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت بڕوایەکی زۆر هەیە ڕێبەری داعش کوژرابێت

  • VOA News

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت بڕوایەکی زۆر هەیە ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕێبەری داعش کوژرابێت لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیـیەکەی ڕووسیا لە کۆتایی مانگی پـێنج بۆ سەر ناوەندی سەرکردایەتی داعش لە باشوری ڕەققە.

ئۆلێگ سیرۆمۆلۆتۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە بەپـێی ئەو زانیاریـیانەی لە لایەن وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەیەوە پـێیان گەیشتووە دەتوانێت بڵێت ڕێبەری داعش لە ئەنجامی ئەو هێرشە کوژراوە. گوتیشی لە ئێستادا هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی چەند کەناڵێـکەوە لە کوشتنی بەغدادی دڵنیاببنەوە.

گوتیشی بەپـێی ئەو ئەزمونەی ڕووسیا لە شەڕی دژی تێرۆرزم هەیەتی، کوژرانی ڕێبەرە باڵاکانی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان ئەنجامی زۆر باشی دەبێت، چونکە ئەو ڕێکخراوانە

دەسەڵات تیایاندا هەرەمیـیە و کوژرانی ڕێبەرەکانیان بێ سەروبەری لە نێویاندا دروستدەکات و توشی ترسیان دەکات.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند لە 28 ی مانگی پـێنج فڕۆکەکانی ڕووسیا بۆردومانی شوێنێـکیان لە باشوری شاری ڕەققە کردبوو کە تیایدا بەغدادی لەگەڵ نزیکەی 30 لە ڕێبەرە خۆجێـیەکانی داعش کۆبووەتەوە و نزیکەی 300 پاسەوانیان لەگەڵدا بووە، لە ئەنجامدا بەغدادی و زیاتر لە 100 داعشی دیکە کوژراون.

بەڵام هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا گوتی هیچ زانیاریـیەکیان پـێنەگەیشتووە باس لە کوژرانی ڕێبەری داعش بکات.

XS
SM
MD
LG