Accessibility links

داعش دەڵێت بەمانە فڕۆکە ڕووسیـیەکەی تەقاندووەتەوە

داعش وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت بەو کەرەسـتانە ئەو بۆمبەیان دروسـتکردووە کە لە تەقاندنەوەی ئەو فڕۆکە ڕووسیـیە بەکاریانهێناوە کە لە سینای میسر کەوتە خوارێ و تیایدا 224 کەس گیانیان لەدەسـتدا کە 17 کەسیان منداڵ بوون.

ڕۆژی چوارشەممە داعش لە گۆڤارەکەی خۆی بە ناوی دابق کە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی دەکاتەوە، ئەمەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی ڕێگەیەکی دۆزیوەتەوە بۆ بەزاندنی ڕێوشوێنە ئاسایشیـیەکان لە فڕۆکەخانەی شەرم ئەلشێخ لە میسر.

ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە بە نیازبوون فڕۆکەیەکی ئەمەریکا بکەنە ئامانج، بەڵام دواتر پـلانەکەیان گۆڕیوە و فڕۆکەیەکی ڕووسیایان دەسـتنیشانکردووە پاش ئەوەی ڕووسیا لە مانگی نۆوە دەسـتیکرد بە بۆردومانکردنی شوێنەکانیان لە سوریا.

لە وێنەکە قتویەکی سۆدا و کەپـسولێـکی تەقینەوەیان نیشـانداوە لەگەڵ شتێـک بە تێپی ڕەش پـێچراوە و سویچێـکی پـێوەیە و وایەری لێهاتووەتە دەرێ. هەروەها وێنەی چەند پاسپـۆرتێـکیان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویانە ئەمانە هی سەرنشینە ڕووسیـیەکانی نێو فڕۆکەکەن.

جێی ئاماژەیە دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند لێکۆڵینەوەکان نیشـانیانداوە بە بۆمبێـکی دەسـتکرد فڕۆکەکە خراوەتە خوارێ.

This item is part of
XS
SM
MD
LG