Accessibility links

ڕووسیا: تەقینەوەی بۆمبێک هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکە بووە


سەرۆکی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا دەڵێت لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە فڕۆکە ئێربەسەکەی بە 224 کەسەوە لە سینای میسر مانگی ڕابردوو کەوتە خوارێ لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمب بووە.

بەپـێی کرملێن ئەلێگزاندەر بۆرتنیکۆڤ ئەمڕۆ سێشەممە گوتویەتی ئاسەواری تەقینەوەکە بە پارچەکانی فڕۆکەکە و جانتا و کەلوپەلی سەرنشینەکان دۆزراوەتەوە و مەزەندە دەکرێت نزیکەی یەک کیلۆگرام لە ماددەی TNT بووبێت.

هەروەها دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا ڕایگەیاند 50 ملیۆن دۆلار وەکو خەڵات دەدات بە هەر کەسێـک زانیاری بدات و ببێتە مایەی دەسـتگیرکردنی تاوانکارەکانی ئەم تەقینەوەیە.

ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا بەڵێنی دا بەرپرسانی تەقینەوەکە بدۆزرێنەوە و بە سزای خۆیان بگەیەنن. پاشان داوای لە وڵاتانی دۆستی کرد یارمەتی بدەن لە دۆزینەوەی ئەو تاوانکارانە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ڕووداوەکە یەکێـکە لە خوێناویترین هێرشەکانی لە دژی ڕووسیا ئەنجام درابێت لە مێژووی نوێدا. جەختی لەوەش کرد کە دەبێت هێرشە ئاسمانیـیەکانی وڵاتەکەی لە سوریا ئەنجامیان دەدات بەردەوام بن و چڕتربکرێنەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە فڕۆکەکە لە 31 ی مانگی دە لە فڕۆکەخانەی شەرم ئەلشێخی میسرەوە هەستابوو بەرەو فڕۆکەخانەی سانت پـیتەرسبێرگی ڕووسیا، بەڵام لەناکاو لە ناوچەی سینا کەوتە خوارێ و بەهۆیەوە هەموو 224 کەسەکەی ناوی کە 17 یان منداڵ بوون گیانیان لەدەسـتدا.

پـێشتر ژمارەیەک لە کاربەدەسـتانی وڵاتان گوتیان لەو بڕوایەدان تەقینەوەی بۆمبێک هۆکاری کەوتنی فڕۆکەکە بووبێت. گروپی چەکداری سینای سەر بە داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕاگەیاند.

XS
SM
MD
LG