ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕتر کردەوە و هەناردەکردنی گازی لە ڕۆژی شەممەدا بۆ فینلەندا ڕاگرت.
دوای کۆتایی هاتنی بەرگرییەکانی دوایین سەربازانی ئۆکرانیا لە شاری ستراتیژی ماریوپۆڵ کە چەند هەفتەیەکی خایاند، ڕووسیا هێرشێکی گەورەی بۆ سەر هەرێمی لوهانسک دەستپێکردووە، هەرێمەکەش بەشێکە لە دوو هەرێمەکەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
جیاخوازەکانی هەرێمەکە کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، پێشتر خاکێکی زۆری هەرێمی لوهانسک و هەرێمی دۆنێستکیان لەژێر دەستدا بووە، بەڵام مۆسکۆ دەیەوێت سەرانسەری هەرێمی دۆنباس کۆنتڕۆڵ بکات.
هێزەکانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە لەو ناوچانەی هەرێمەکەدا کە لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندان وتیان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەرپەرچی 9 هێرشییان داوەتەوە و 5 تانک و 10 ئوتومبێلی زریپۆشیان تێکشکاندووە. وتیان تاوەکو کاتژمێر 9 ی ئێوارە بە کاتی ناوخۆ شەڕ و پێکدادانەکان لە کۆمەڵێک ناوچە بەردەوام بوون.
ئۆکرانییەکان دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا فڕۆکەی جەنگی و تۆپهاوێژ و تانک و موشەک و هاوەن و ڕۆکێتیان بەدرێژایی بەرەکانی پێشەوە بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجکردنی شوێن و ناوچەکانی دانیشتوانی مەدەنی. هێزەکانی ئۆکرانیا دەڵین لانی کەم 7 کەس لە هەرێمی دۆنباس کوژراون.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی لەکاتێکدا شەڕەکە خوێناوی دەبێت و سەرکەوتن قورس دەبێت، کۆتایی جەنگەکە تەنها لەڕێی دیبلۆماسییەوە دەبێت.
کۆتایی هاتنی شەڕەکە لە شاری ماریوپۆڵ کە گەورەترین شاری ئۆکرانیایە تاوەکو ئێستا ڕووسیا گرتبێتی، ڕەنگە زۆر گرنگ بێت بۆ هەوڵەکانی ڕووسیا لە دۆنباس.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی دوایین سەربازەکانی ئۆکرانیا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵ خۆیان داوە بەدەستەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی سەرانسەری ماریوپۆڵ لەلایەن ڕووسیاوە ڕێگەیەکی وشکانی دەداتە مۆسکۆ تاوەکو شارەکە بە نیمچە دورگەی کرایمییە و خاکی ڕووسیا و ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە ببەستێتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندان.
لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە نیمچە دورگەی کرایمییەی گرتەخۆی.
سەرەڕای شکستەکانی ئەمدواییانەیان لە شوێنەکانی دیکەی ئۆکرانیادا، هێزەکانی ڕووسیا لە لوهانسک پێشڕەوییان کردووە.
فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای وتی هێزەکانی ڕووسیا هەوڵی لەناوبردنی شاری سیێڤەرۆدۆنێتسکیان داوە و شەڕ و پێکدادانەکان لە بەیانییەوە تاوەکو شەو لە دەوروبەری شارەکەدا بەردەوام بوون.
سیێڤەرۆدۆنێتسک و لیسیچانسکی سەر ڕووباری سیڤەرسکی دۆنێسک دەکەونە ئەو بەشەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادان و ڕووسیاش لە ناوەڕاستی مانگی چوارەوە هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵییان بکات.
گایدای وتی هێزەکانی ڕووسیا پردێکی نێوان سیێڤەرۆدۆنێتسک و لیسیچانسک لەسەر ڕووباری سیڤەرسکی دۆنێسک لەناوبردووە. وتی لە ساڵی 2014 شدا ئەو پردە لەناوچووە بەڵام دواتر دروستکراوەتەوە.
وتەبێژی سوپای ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر شتوپون وتی ڕووسیا سەنگی خستۆتەسەر ڕۆژهەڵات، هێزەکانیان هەوڵدەدەن دزە بکەنە بەرگرییەکانی دۆنێستکەوە تاوەکو بگەنە لوهانسک.
هاوکات کۆمپانیای نەوتی گازپڕۆمی ڕووسیا وتی هەناردەکردنی گازی بۆ فینلەندا ڕاگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتە ڕەتی کردۆتەوە پارەی گازە ڕووسییەکە بە ڕوبڵی ڕووسی بدات.
فینلەندا و سوید بە فەڕمی داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆیان کردووە، بڕیارەکەشیان لە داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەرچاوەی گرتووە.
کۆمپانیای فرۆشیاری گازی دەوڵەتی فینلەندا گاسوم و حکومەتی فینلەندا و کۆمپانیا تایبەتەکانی گازی ئەو وڵاتە وتیان ئامادەن بۆ نەمانی هاوردەکردنی گازی ڕووسیا.
زۆرینەی گرێبەستەکانی گاز لەنێوان ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپادا بە یۆرۆ یاخود دۆلار بووە، ڕووسیا داوای کردووە ئەو وڵاتانی دۆستی ڕووسیا نین پارەی گازەکەی بە ڕوبڵ بدەن. مانگی ڕابردووش مۆسکۆ هەناردەکردنی گازی بۆ پۆڵەندا و بولگاریا ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو دوو وڵاتە ڕەتیان کردەوە پارەی گازەکە بە ڕوبڵ بدەن.
وڵاتانی ڕۆژئاواش یارمەتییە دارایی و سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی شەممە 40 ملیار دۆلارەکەی ئەمەریکای بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد، بڕە پارەکەش لە یارمەتییە سەربازیی و مرۆیی و ئابوورییەکاندا بۆ ئۆکرانیا خەرج دەکرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز