ڕووسیا دەڵێت بۆردومانکردنی مۆڵەکەی کیێڤ لەڕێی چەکی مەودا درێژی وردەوە ئەوە بووە کە ئەو مۆڵە وەکو کۆگایەکی موشەک بەکارهاتووە و هێزەکانی ئۆکرانیا لەوێ خۆیان پڕچەک کردۆتەوە.
درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە مۆڵێکی شاری کیێڤ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بینا و ئوتومبێلەکانی نزیک مۆڵەکە وێران بوون و دوکەڵ و خاشاک لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەوە. لە ئەنجامیشدا لانی کەم هەشت کەس گیانیان لەدەستدا.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتی " ناوچەکانی نزیک مۆڵەکە وەکو بنکەیەکی گەورە بەکارهاتوون بۆ هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی و موشەکەکان."
وتی " لە شەوی 21 ی مانگی سێدا چەکە مەودا درێژە وردەکانی ڕووسیا کۆمەڵێک موشەک و کۆگای تەقەمەنییان لە مۆڵەکەدا لەناوبرد، ئەو مۆڵەش چیتر بۆ بازاڕکردن بەکارنەهاتووە."
کۆناشینکۆڤ ڤیدیۆیەکی پیشاندا و وتی ڤیدیۆکە دەریدەخات کە ئۆکرانیا ئەو مۆڵەی وەکو کۆگایەکی چەک و وێستگەیەکی خۆپڕچەک کردنەوە بەکارهێناوە.
داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەکردنی 10 ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانی.
کۆناشینکۆڤ وتی " دەمانەوێت دووبارە بە بیری ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا بهێنینەوە کە بەڵگەی تەواومان پیشانداوە لەسەر ئەوەی نەتەوە پەرستەکانی ڕژێمی کیێڤ شوێنە مەدەنییەکانیان لە ناوچەکانی دانیشتوان لە کیێڤ و شارەکانی دیکە وەکو شوێنی تۆپهاوێژ و هەڵدانی موشەکەکان بەکارهێناوە."
کۆناشینکۆڤ وتی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕووسیا لەلایەن هێزێکی ڕووسی پیشەگەر و پڕچەکەوە ئەنجام دەدرێت و لێدوانەکانی ئۆکرانیای ڕەت کردەوە کە دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا شوێنە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز