Accessibility links

ئۆکرانیا شەڕ دەکات بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانی ڕووسیا لە باکووری هەرێمی دۆنێتسک


دۆنێتسک، ئۆکرانیا

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت تاوەکو ئێستا ئۆکرانیا بەرپەرچی پێشڕەوییەکانی ڕووسیای داوەتەوە بۆ ناو باکووری هەرێمی دۆنێتسک، بەڵام بەهۆی بۆردومانە چڕ و هێرشە موشەکییەکانەوە بۆ سەر شاری سلۆڤیانسک و ناوچەکانی دیکەی دانیشتوانەوە فشارەکان زیاتر بوون.

ڕووسیا و هێزەکانی جیاخوازەکان کە مۆسکۆ پشتیوانییان لێدەکات پێشتر بەشی باشووری هەرێمی دۆنێتسکیان کۆنتڕۆڵ کردووە، ڕۆژی یەکشەممەش بەتەواوەتی هەرێمی لوهانسکییان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ کرد.

مۆسکۆ دەڵێت دەرکردنی سوپای ئۆکرانیا لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئەرکی سەرەکییەتی لە " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتیەکەیدا " لە ئۆکرانیا، ئەوەش لەپێناو ئاسایشی ڕووسیادا.

دۆنێتسک و لوهانسک پێکەوە هەرێمی دۆنباس پێکدەهێنن، کە ناوچەیەکی پیشەسازیی ئۆکرانیایە و بووەتە گەورەترین گۆڕەپانی جەنگ لە ئەوروپادا، بەشێکی هەرێمەکەش لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندایە.

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا فشارەکانیان بۆ سەر بەرگریکارانی ئۆکرانیا لە باکووری هەرێمی دۆنێتسک چڕتر کردۆتەوە.

وتی هێزەکانی ڕووسیا لەڕێی بەکارهێنانی چەکی قورسەوە بۆردومانی کۆمەڵێک شارۆچکەی ئۆکرانیایان کردووە، ئەوەش بەمەبەستی کردنەوەی ڕێگەیەک بۆ هێزە پیادەکانی ڕووسیا تاوەکو بەرەو باشووری هەرێمەکە پێشڕەوی بکەن و گەمارۆی سلۆڤیانسک بدەن.

سوپای ئۆکرانیا گوتی " دوژمن هەوڵ دەدات پێگەی تاکتیکی خۆی باشتر بکات. سەربازەکانمان بەرپەرچییان دانەوە و ناچارییان کردن بکشێنەوە."

وتیشی هێزەکانی دیکەی ڕووسیا ویستیان دوو شارۆچکەی سەر ڕێگای شاری کراماتۆرسک بگرن، باشووری سلۆڤیانسک، هەروەها هەوڵیشیاندا کۆنتڕۆڵی شەقامێکی سەرەکی بکەن کە هەرێمەکانی لوهانسک و دۆنێتسک بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

وتیشی ڕووسیا وەکو پشتیوانییەک بۆ هێزە پیادەکانی لە هەرێمەکەدا، هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای پێشتر بە کەناڵی ئۆکرانیای وت " دوژمنمان لەسەر سنووری لوهانسک/دۆنێتسک ڕاگرتووە."
سەرۆکی شارەوانی سلۆڤیانسک ڤادیم لیاخ وتی دوو هەفتەیە شارەکە بۆردومان دەکرێت.

وتی " بارودۆخەکە ئاڵۆزە." ئاماژەشی بەوەدا لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە 17 دانیشتووی شارەکە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت هاوڵاتیانی مەدەنییان نەکردۆتە ئامانج و ڕۆژی چوارشەممەش وتی چەکی وردبین بەکاردەهێنێت بۆ لەناوبردنی هەڕەشە سەربازییەکان.

وەزارەتەکە وتی دوو سیستمی پێشکەوتووی موشەکی دروستکراوی ئەمەریکی و تەقەمەنییەکانی لە هەرێمی دۆنێتسک لەناوبردووە. ئۆکرانیا ئەوەی ڕەت کردەوە و وتی سیستمی موشەکی پێشکەوتووی ئەمەریکی ' هیمارس ' ی بەکارهێناوە و " زیانێکی ڕووخێنەری " بە هێزەکانی ڕووسیا گەیاندووە."

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانیا، هەروەها بووەتە هۆی خاپووربوونی شارەکانی وڵاتەکە و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و وزە لە جیهاندا.

لە باشووریشەوە سەرۆکی شارەوانی میکۆلایڤ ئۆلیکساندەر سێنکیڤیچ وتی شارەکە بۆردومان دەکرێت.

گوتی " هیچ ناوچەیەکی پارێزراو لە میکۆلایڤدا نیە. بە خەڵکەکە دەڵێم، دەبێت بڕۆن."

لە کراماتۆرسک، کە پێشبینی دەکرێت هێزەکانی ڕووسیا لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەوڵ بدەن بیگرن، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی بە ڤان و ئوتومبێلەکانیانەوە شارەکەیان جێهێشت. زۆربەی دانیشتوانەکەی هەڵهاتوون.

ئیهۆر تیریخۆڤی سەرۆکی شارەوانی شاری خارکیڤی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە، وتی شارەکە " بەردەوام " لەژێر بۆردومانەکانی ڕووسیادایە، شەوی ڕابردوو زۆرێک لە بیناکان لەناوچوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG