Accessibility links

ڕووسیا بەشداریکردنی لە ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیادا هەڵدەوەشێنێتەوە


ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا ڕایگەیاند بەشداریکردنی لە ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیادا هەڵوەشاندۆتەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا نێوەندگرییان تێدا کرد و بەپێی ڕێککەوتنەکە ئۆکرانیا دەیتوانی لە ڕێی دەریای ڕەشەوە بە شێوەیەکی پارێزراو گەنمەکەی هەناردەی دەرەوە بکات.

ڕاگەیاندنەکەی ڕووسیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات مۆسکۆ وتی ئۆکرانیا هێرشی کردۆتە سەر پردی کرایمیا.

بەهۆی هێرشەکەوە دوو کەس کوژران و کچەکەشیان بریندار بوو، ڕووسیا هێرشەکەی سەر پردی کرایمیا بە هێرشێکی تیرۆریستی ناودەبات کە بە دەماری سەرەکی دادەنرێت بۆ ئەو هێزانەی ڕووسیا کە لە ئۆکرانیادا شەڕ دەکەن، هەروەها پردەکە پڕۆژەیەکی تایبەتە کە لەلایەن سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن خۆیەوە کراوەتەوە.

مۆسکۆ لە ساڵی 2014 دا نیمچە دوورگەی کرایمیای لکاند بە ڕووسیاوە ، پردی کرایمیا ئۆکرانیا دەبەستێتەوە بە ڕووسیاوە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە دەنگی تەقینەوە لەسەر پردەکە بیستراوە.

کرێملن وتی ڕاگرتنی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنم هیچ پەیوەندییەکی نییە بە هێرشەکەی سەر پردەکەوە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی چەند بەشێکی ڕێککەوتنەکە کە پەیوەندییان هەیە بە ڕووسیاوە جێبەجێ نەکراون، لەبەر ئەوە بەشداریکردنمان لە ڕێککەوتنەکەدا ڕادەگرین.

کاتی بەسەرچوونی ڕێککەوتنەکە ئەمڕۆ بوو، پێسکۆڤ وتی ئەگەر داواکانی ڕووسیا جێبەجێ بکرێن ئەوا ڕووسیا دەگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنەکە.

سوپای ئۆکرانیا وتی هێرشەکە دەکرێت کارێکی وروژێنەر بێت ڕووسیا خۆی ئەنجامی دابێت، بەڵام ڕاگەیاندنەکانی ئۆکرانیا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە بڵاوییان کردەوە دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا لە پشت هێرشەکەوە بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG