وەزیرانی دەرەوەی ڕوسیا و ئەڵمانیا وتیان کاردەکەن بۆ مانەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا کشانەوەی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران ڕاگەیاند و فەرمانیدا بە سەپاندنەوە سزاکانی واشنتن بەسەر ئێراندا.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس وتی زۆر گرنگە ئێران پابەند بێت بە بەرپرسیارێتییەکانیەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا سەرەڕای ئەوەی سەرۆک ترامپ بەڵێنیداوە سزای نوێ بسەپێنێت بەسەر ئێراندا. وتیشی مۆسکۆ دەتوانێت لەم بارەیەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بەکاربهێنێت.
ماس دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا لە مۆسکۆ وتی " پێویستە ئێران لە ناو ڕێکەوتنەکەدا بمێنێتەوە. وە لە بەرژەوەندی ئێرانیشە کە لە ڕێکەوتنەکەدا بمێنێتەوە."
ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران کشایەوە و وتی ڕێکەوتنەکە هەڵەی زۆر تێدایە، ئەو هەڵوێستەش دژی هەڵوێستی هاوپەیمانە ئەوروپییە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە و ڕوسیا و چینیشە.
ماس وتیشی پێویستی بە وردەکاری زیاترە لە ئەمەریکاوە سەبارەت بە سزا نوێیەکان.
کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ خۆی ئامادە دەکات بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر تاراندا و لەوانەیە ئەوە لە هەفتەی داهاتوودا بێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.
لاڤرۆڤ وتی زۆر گرنگە سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران کارنەکاتە سەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە.
لاڤرۆڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ماسدا وتی " بێگومان سەرەتا کاردەکەین لەسەر ئەوەی ئەو ڕێکەوتنە تێک نەدرێت. ئەوە ئامانجی هاوبەشمانەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە."
لاڤرۆڤ وتیشی داوای لە ئێران و ئیسڕائیل کردووە خۆیان بەدووربگرن لە هەر ڕەفتارێک کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ دوای بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز