Accessibility links

پەیامنێرێکی کەناڵێکی ڕووسیا: جەنەڕاڵێکی ڕووسی لە ئۆکرانیا کوژراوە


پەیامنێرێکی کەناڵێکی هەواڵی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا وتی جەنەڕاڵێکی ڕووسی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژراوە.

ڕاپۆرتەکە لە تێلیگرام لەلایەن پەیامنێری کەناڵێکی ڕووسی ئالیکساندەر سلادکۆڤەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوە نەداوە جەنەڕاڵ ڕۆمان کوتوزۆڤ بەدیاریکراوی کەی و لەکوێ کوژراوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا تاوەکو ئێستا کوژرانی جەنەڕاڵەکەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

هێزەکانی ڕووسیا هێرشەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسکی هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕتر کردۆتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕووسیا لە قۆناغەکانی سەرەتای جەنگەکەدا شکستی هێنا لە کۆنتڕۆڵکردنی کیێڤی پایتەختدا.

تەنانەت لە کاتی ئاشتیشدا ڕووسیا مردنی ئەفسەرانی سوپاکەی بە نهێنی دەهێڵێتەوە و لە 25 ی مانگی سێشەوە تاوەکو ئێستا ژمارەی فەڕمی زیانە گیانییەکانی لەنێو هێزەکانیدا نوێ نەکردۆتەوە، لە مانگی سێدا ئاماژەی بەوەدا لە سەرەتای هەڵمەتە سەربازییەکەیەوە لە ئۆکرانیا 1,351 سەربازی ڕووسی کوژراون.

ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و لەناوبردنی ئەو نەتەوە پەرستە مەترسیدارانەیە کە هەڕەشەیان لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی ئۆکرانیا دروست کردووە کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن. ئۆکرانیا و ڕۆژئاواش ئەمە ڕەت دەکەنەوە دەڵێن ئەمانە تەنها پاساون بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی وادەردەکەوێت ڕووسیا ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرە پلە نزم و ناوەندەکانی لە ئۆکرانیا کوژرابێتن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG