Accessibility links

ڕووسیا فڕۆکەی شەڕکەر ڕەوانە دەکات بۆ دوورخستنەوەی فڕۆکە فەڕەنسی و ئەڵمانییەکان


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت وەزارەتەکە فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕەوانە کردووە دوای ئەوەی فڕۆکەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسایان بینیوە بەرەو سنووری ئاسمانی ڕووسیا فڕیون.

فەڕەنسا و ئەڵمانیا وتیان فڕۆکەکانیان ' فڕۆکەی چاودێری دەریایی ئەتڵانتیک 2 ئێشکگر و فڕۆکەی پی – 3 سی ئەڵمانی ' لە چوارچێوەی مەشقەکانی ناتۆدا ئەرکێکی ئاساییان ئەنجامداوە و ئەرکەکەش بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بووە.

ڕووسیا وتی فڕۆکە شەڕکەرەکەی سو – 27، دوای ئەوەی فڕۆکەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە ڕووسیا دوورکەوتوونەتەوە، گەڕاوەتەوە. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتیشی مەبەست لە ڕەوانەکردنی فڕۆکە شەڕکەرەکە ئەوە بووە " ڕێگری بکات لە پێشێلکردنی سنووری ئاسمانی ڕووسیا."

وتەبێژێکی هێزی دەریایی ئەڵمانیا وتی " فڕۆکەکەمان پی – 3 سی لە ئەرکێکی چاودێریدا بووە بەسەر دەریای باڵتیکدا و فڕیوە، بەپێی ستانداردەکان، بەرەو کالینینگراد فڕیوە." کالینینگراد ناوچەیەکی ڕووسییە و دەکەوێتە نێوان پۆڵەندا و لیتوانیاوە لەسەر دەریای باڵتیک.

وتیشی " هیچ نیازێکمان نەبووە بۆ چوونە ناو سنووری ئاسمانی ڕووسیاوە، ئەم فڕۆکانە هەمیشە مەودایەکی پارێزراو دەهێڵنەوە. ئەم گەشتانە ڕۆتینین، هیچ شتێکیش ناکەین ببێتە هۆی وروژاندن."

وەزارەتی هێزە چەکدارەکانی فەڕەنساش لە بەیاننامەیەکدا ڕووداوەکەی پشتڕاست کردەوە.

وتی " لە چوارچێوەی مەشقێکی هاوپەیمانێتی ناتۆدا، فڕۆکەیەکی شەڕکەری سو – 27 لە دەرەوەی وڵاتانی باڵتیک پەیوەندی بە فڕۆکەی چاودێری دەریایی ئەتڵانتیک 2 ەوە کردووە. مەشقەکە لە سنووری ئاسمانی نێودەوڵەتیدا بووە لە ئاسمانی دەریای باڵتیکدا ئەنجام دراوە و ئەرکەکە پیشەیی بووە و کۆنتڕۆڵکراو بوو."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG