Accessibility links

ڕوسیا ڕۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی لە وڵاتەکە دەردەکات


مۆسکۆ
مۆسکۆ

ڕۆژنامەیەکی هۆڵەندی وتی ڕوسیا ڕۆژنامەنووسێکی هۆڵەندی لە وڵاتەکە دەرکردووە و هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ " پێشێلکردنی کاروباری ئیداری "، ئەمەش دووەمین جارە ڕوسیا لە چەند مانگێکدا ڕێوشوێنی لەو جۆرە دژی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا دەگرێتەبەر.

ڕوژنامەکە وتی ڕوسیا ڤیزای تۆم ڤێنییکی پەیامنێری ڤۆڵکسکرانتی هەڵوەشاندۆتەوە و ڕێگەی پێنادات تاوەکو مانگی یەکی ساڵی 2025 بگەڕێتەوە بۆ ڕوسیا.

لە ساڵی 2019 دا ڤێنییک غەرامەکرا لەسەر ئەوەی ناونیشانی ماڵەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ڕوسیادا تۆمارنەکردووە و لە ساڵی 2020 دا بە هەمان شێوە لەسەر ئەوەی بەبێ مۆڵەتی بەرپرسان سەردانی هەرێمێکی کردووە غەرامەکرا.

ڕۆژنامەنووسی بی بی سی سارا ڕەینسفۆرد کە یەکێک بوو لەو دوو پەیامنێرەی بەڕیتانیا کە لە مۆسکۆ کارییان دەکرد، لە مانگی هەشتدا بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەرکران.

ڕۆژنامەکە وتی ڤێنییک لە ساڵی 2015 ەوە کار بۆ ڤۆڵکسکرانت دەکات و لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ کێشەیەکی نەبووە لە نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیدا، بەڵام " ڕۆژی دووشەممە بیستوویەتی وەزارەتی کاروباری دەرەوە ڤیزاکەی هەڵوەشاندۆتەوە و تەنها سێ ڕۆژی لەبەردەستدایە تاوەکو وڵاتەکە جێبهێڵێت."

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا وتی " ئەمە بۆ هۆڵەندا جێی قبوڵکردن نیە کاتێک ڕۆژنامەنووسێک ناچار دەکرێت دژ بە خواستی خۆی وڵاتەکە جێبهێڵێت."

جێی ئاماژەیە پەیوەندییەکانی نێوان هۆڵەندا و ڕوسیا لەم ساڵانەی دواییدا گرژییان تێکەوتووە، حکومەتی هۆڵەندا ڕوسیا بە بەرپرس دەزانێت لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی مالیزیدا لە ساڵی 2014 بەسەر ڕۆژئاوای ئۆکرانیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG