Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیا لە وێستگەی ئازۆڤستاڵ دەگوازێتەوە


گواستنەوەی سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیا، نۆڤۆزۆڤسک

ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا وتی ڕێکەوتووە لەسەر گواستنەوەی سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵەوە بۆ ناوەندێکی تەندروستی لە شارۆچکەی نۆڤۆزۆڤسکی ژێر دەسەڵاتی ڕووسیا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " گەیشتووین بە ڕێکەوتنێک بۆ گواستنەوەی بریندارەکان."

وتیشی " ڕێڕەوێکی مرۆیی کراوەتەوە کە لەڕێیەوە سەربازە ئۆکرانییەکان دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندێکی تەندروستی لە نۆڤۆزۆڤسک."

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئانا مالیار بە کەناڵێکی ئۆکرانی وت " بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەک دەکرێت زیان بەو پڕۆسانە بگەیەنێت کە ئێستا جێبەجێ دەکرێن، ناتوانین باس لەوە بکەین ئێستا چی ڕوودەدات."

هێزەکانی ڕووسیا بۆ ماوەی دوو مانگ بۆردومانی شاری ماریوپۆڵی ئۆکرانیایان کرد و هەندێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزەکانی ئۆکرانیا چوونە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵەوە و لەوێ خۆیان حەشاردا.

لەم مانگەدا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سووری نێودەوڵەتی زۆربەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە وێستگەکەدا گواسترانەوە.

بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا لە وێستگەکەدا مانەوە. گرتە ڤیدیۆ و وێنەکان دەریدەخەن کە هەندێک لە سەربازەکان بە سەختی برینداربوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG