Accessibility links

هێزەکانی ڕووسیا شار و شارۆچکە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەکەنە ئامانج


ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی زۆربەی ئەو ناوچانەی هەرێمی دۆنباسییان کرد کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیادان، هەروەها هەڕەشەی داخستنی دوایین ڕێڕەوی دەربازبوونی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی کرد کە لەبەردەم پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ڕووسیادا گیرییانخواردووە.

دوای ئەوەی شکستی هێنا لە گرتنی کیێڤی پایتەخت و خارکیڤ، دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیادا، ئێستا ڕووسیا هەوڵ دەدات هەرێمی دۆنباس بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکات، هەرێمەکە لە هەرێمی دۆنێتسک و هەرێمی لوهانسک پێکهاتووە، بەشێکی دوو هەرێمەکەش لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندایە کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

ڕووسیا هەزاران سەربازی بە ناوچەکەدا بڵاوکردووەتەوە، لە سێ لاوە هێرش دەکات و هەوڵ دەدات هێزەکانی ئۆکرانیا لە شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک و لیسیچانسک گەمارۆ بدات، شکستی ئەو هێزانە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا بەتەواوەتی هەرێمی لوهانسک کۆنتڕۆڵ بکات، کە ئامانجێکی سەرەکی مۆسکۆیە لەم جەنگەدا.

لە نوێترین ئاماژەدا لەسەر پلانەکانی مۆسکۆ بۆ دەستبەرنەدان لەو ناوچانەی ئۆکرانیا کە داگیریکردوون، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بڕیارێکی واژۆ کرد تیایدا پڕۆسەی پێدانی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ڕووسی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئاسان و خێرا دەکات.

زێلێنسکی وتی " سەرجەم ئەو هێزەی سوپای ڕووسیا ماویەتی لە ئێستادا سەنگی خستۆتەسەر هەرێمی دۆنباس."

ئۆفیسەکەی زێلێنسکی وتی بەیانی زووی ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک دەستپێکردووە و شارەکە بەردەوام بە هاوەن لێیدراوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک سێرهێی گایدای وتی شەش هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و لانی کەم هەشت کەسی دیکە برینداربوون، زۆرینەیان لە شاری سیێڤیێرۆدۆنێتسک بوون. شەقامە سەرەکییەکە بۆردومان کراوە بەڵام یارمەتییە مرۆییەکان هێشتا دەگەنە شارەکە.

شاری پۆکرۆڤسکی ژێر دەسەڵاتی ئۆکرانیا لە هەرێمی دۆنباس، بووەتە ناوەندی سەرەکی پێداویستی و گواستنەوەکان، موشەکێک بە هێڵێکی ئاسنینی شارەکە کەوت و زیانی بە بیناکانی تەنیشتی گەیاند.

لە شاری کراماتۆرسکیش کە نزیکە لە بەرەکانی پێشەوە، شەقامەکان چۆڵ کرابوون، هاوکات لە شاری سلۆڤیانسک زۆرێک لە دانیشتوانی شارەکە هەڵهاتن.

دانیشتوویەکی شارەکە ڤێرا سافرانۆڤا وتی " ماڵەکەم بۆردومان کرا، هیچ شتێکم نەما."

لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاشەوە، یاریدەدەرێکی فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ وتی بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر شارۆچکەی بالاکلیای هەرێمی خارکیڤ دوو کەس کوژران و حەوت کەسی دیکە بریندار بوون.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕووسیا باشووری وڵاتەکەشی کردۆتە ئامانج، بەهۆی بۆردومانەکانەوە لە زاپۆریژا هاوڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە و زیان بەر کۆمەڵێک ماڵ کەوتووە، موشەکەکانیش ناوچەیەکی پیشەسازییان لە کریڤی ڕیی لەناوبردووە.

مۆسکۆ لە باشوورەوە گەمارۆی ئەو کەشتیانەی ئۆکرانیایداوە کە گەنم و زەیتی گڵۆبەڕۆژە لە دەریای ڕەشەوە هەناردەی دەرەوە دەکەن، ئەوەش بووەتە هۆی زیادبوونی نرخەکانی خۆراک لە جیهاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG