دەزگای ڕاگەیاندنی ڕوسیا لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی ڕیابکۆڤەوە بڵاویکردوە مۆسکۆ سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و کوبا بە نایاسایی دەزانێت و بەنیازە هەموو هەوڵێکی خۆی بدات بۆ یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی لە کاراکاس و هاڤانا.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن ڕۆژی چوارشەممە زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر کوبا و ڤەنزوێلادا ڕاگەیاند لەکاتێکدا بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا هەوڵدەدات فشارەکان بۆ سەر حکومەتەکەی نیکۆلاس مادورۆ و ئەو وڵاتانەی پشتیوانی دەکەن زیاد بکات تاوەکو دەستبەرداری دەسەڵات ببێت.
لە مانگی یەکدا ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خوان گوایدۆ خۆی وەکو سەرۆکی کاتی وڵاتەکە ڕاگەیاند و وتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2018 کە مادورۆ تیایدا دەسەڵاتی گرتەوە دەست نایاسایی بووە. زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا گوایدۆیان وەکو سەرۆکی وڵاتەکە ناساند بەڵام ڕوسیا و چین و کوبا هێشتا پشتیوانی لە مادورۆ دەکەن.
هەروەها زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی ڤەنزوێلا ماڵەکانیان بەجێهێشتووە و هەڵهاتوون بەهۆی قەیرانی ئابووری و سیاسیی و کەمی خۆراک و دەرمان لە وڵاتەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز