Accessibility links

سەرەڕای بەڵێنەکەی، ڕووسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی شارەکانی ئۆکرانیا


ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی دەوروبەری کیێڤی پایتەخت و شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراوی ئۆکرانیایان کرد، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی بەڵێنیدا ئەرکە سەربازییەکانی کەم بکاتەوە، بەڵام ڕۆژئاوا وتیان ئەوە ڕاست نیە و تەنها خۆڕێکخستنەوەی هێزەکانی ڕووسیایە بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەریانکەوتووە.

نزیکەی پێنج هەفتەیە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا هێزەکانی ڕووسیا نەیانتوانیوە هیچ شارێکی گەورەی ئۆکرانیا بگرن. بەرپرسێکی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ڕووسیا بۆردومانی 50 نەخۆشخانەی لە سەرانسەری ئۆکرانیادا کردووە، هەروەها بۆردومانی ماڵ و خوێندنگاکانیشی لە وڵاتەکەدا کردووە.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتاڵی کلیتسچکۆ لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا بە بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپای وت " هەموو شەوەکە گوێمان لە زەنگەکانی ئاگادارکردنەوە بووە، گوێمان لە دەنگی هێرشە موشەکییەکان و تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز بووە لە ڕۆژهەڵاتی کیێڤ و باکووری کیێڤ. شەڕێکی زۆر قورس لەوێ هەیە، خەڵک مردوون و ئێستاش هەر دەکوژرێن."

لە باشووری ئێرپینیش کە دەکەوێتە دەرەوەی شاری کیێڤەوە چەند هەفتەیەکە شەڕ و پێکدادانی قورسی بەخۆیەوە بینیوە، بۆردومانی بەردەوام و دەنگی تەقینەوە لە سەر خاکەکە و ئاسمانیش دەبیسترێت. ئەو هاوڵاتیانەی کە لە شارۆچکەکە گواستراونەتەوە باسیان لەوە کرد بۆردومانێکی زۆری باکووری ئێرپین دەکرێت. تیمەکانی فریاکەوتن تەرمەکانیان لەژێر پاشماوەکاندا دەرهێناوەتەوە.

ئۆکرانیا و ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆشدارییاندا لەسەر ئەوەی دەستپێشخەرییەکەی ڕووسیا بۆ ئاشتی لە گفتوگۆکانی ڕۆژی سێشەممەدا لە تورکیا، شاردنەوەی ئەو ڕاستییە بوو کە هێزەکانی ڕووسیا پێویستیان بە خۆڕێکخستنەوە هەبووە و شکستیان هێناوە لە گرتنی کیێڤدا.

ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێزەکانی ڕووسیا ئامانجەکانیان لەنزیک کیێڤ و چێرنیهیڤ بەدەستهێناوە و خۆیان ڕێکدەخەنەوە بۆ سەنگ خستنەسەر " ئازادکردنی " هەرێمی دۆنباس.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر مۆتوزانیک وتی هێزەکانی ئۆکرانیا هەندێک جموجۆڵی هێزەکانی ڕووسیایان بینیوە کە لە کیێڤ و چێرنیهیڤ دووردەکەونەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا پێی وانیە ئەمە کشانەوەیەکی گەورەی هێزەکانی ڕووسیا بێت.

وتی " خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرش."

سەرۆکی شارەوانی چێرنیهیڤ ڤلادیسلاڤ ئاسترۆشێنکۆ وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بۆردومانەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارەکە زیادیکردووە، زیاتر لە 100,000 کەسیش لەناو شارەکەدا گیرییان خواردووە و خۆراک و پێداویستیە تەندروستییەکانیش کەمبوونەوە و تەنها بۆ هەفتەیەک بەش دەکەن.

ئاسترۆشێنکۆ بە سی ئێن ئێنی وت " ئەمە پشتڕاستکردنەوەیەکی دیکەیە لەسەر ئەوەی ڕووسیا هەمیشە درۆ دەکات." وتیشی 25 هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشێکی گەورەی هاوەندا بۆ سەر ناوەڕاستی شارەکە برینداربوون."

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ڕەوشەکەی چێرنیهڤ پشتڕاست بکاتەوە، وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش لێدوانی لەسەر بابەتەکە نەداوە.

لەم هەفتەیەدا ئێرپین لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە کۆنتڕۆڵکرایەوە، پەیامنێرانی ڕۆیتەرز چوونە شارەکەوە و هێزەکانی ئۆکرانیایان بینی بە شارۆچکەیەکی چۆڵکراودا دەڕۆیشتن کە سەرجەم بیناکانی ڕووخابوون، تەرمی پیاوێکی پیر و ئافرەتێکیش لەسەر شەقامەکە کەوتبوون.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕوونیکردەوە بڕوای بە هیچ قسەیەکی مۆسکۆ نەبووە.

زێلێنسکی وتی " ئۆکرانییەکان ساویلکە نین، تەنها شت کە بڕوای پێبکەین ئەنجامی کردارییە."

ئەمەریکا و ئۆکرانیا وتیان ڕۆژی چوارشەممە زێلێنسکی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا قسەی کردووە و داوای یارمەتی زیاتری کردووە بۆ ئۆکرانیا و داوای سەپاندنی سزای زیاتریشی کردووە بەسەر ڕووسیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG