جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاندرێ ڕودینکۆ سەردانی چینی کرد و مەبەست لە سەردانەکەشی تاوتوێکردنی " پرسە نێودەوڵەتییەکانە " لەگەڵ بەرپرسانی چیندا، ئەمەش لە نێوەندی ئاستەنگییەکانی گروپی بەکرێگیراوی سەربازی ڤاگنەر لەبەردەم دەسەڵاتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا وتی ڕودینکۆ لە پەکین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین چن کانگدا کۆبووەتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ڕووسیایان کردووە، هاوکات باسییان " لەو پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانەش کردووە کە پەیوەستن بە دوو وڵاتەکەوە."
دیار نییە ڕودینکۆ کەی گەیشتۆتە پەکین، یاخود ئایا سەردانەکەی بۆ چین وەڵامێک بووە بۆ یاخیبوونەکەی چەکدارانی ڤاگنەر یاخود نا.
تاوەکو ئێستا چین لێدوانی لەسەر یاخیبوونەکەی ناو ڕووسیا نەداوە کە پوتن وتی مەترسییە لەسەر بوونی ڕووسیا. ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیشەوە ئاماژەیان بەوە داوە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.
شارەزایەکی دیاری سەربازیی چین سۆنگ ژۆنگپینگ بە ڕۆیتەرزی وت " چین پشتیوانی لە ڕووسیا دەکات لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە دەستوەرناداتە کاروباری ناوخۆیەوە."
لە ماوەی ڕابردوودا یەڤیگنی پریگۆژینی سەرۆکی ڤاگنەر وتی " پێشڕەوییەکانی " بەرەو مۆسکۆ ئامانج لێیان لابردنی فەرماندە گەندەڵ و ئاست نزمەکان بووە. بەڵام دواتر پێشڕەوییەکانی ڕاگرت و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە نایەوێت خوێن بڕێژرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز