Accessibility links

ئەمەریکا هۆشداری دەداتە چین لەسەر یارمەتیدانی ڕووسیا


ئەمەریکا هۆشداریدایە چین لەسەر یارمەتیدانی ڕووسیا لەڕووی سەربازیی و داراییەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە سزاکانی سەر سیاسیی و خاوەن کارەکانی ڕووسیا زیاتر بوون و هاوڵاتیانی ئۆکرانیا هەوڵ دەدەن لە وڵاتەکە هەڵبێن.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە دوو تەقینەوەی بەهێز کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیایان هەژاند، زەنگی ئاگادارکردنەوەکان لەسەر هێرشی ئاسمانی لە کۆمەڵێک هەرێمی ئۆکرانیا بیستراوە، بە ئۆدێسا و چێرنیهیڤ و چێرکاسی و سمیلاشەوە.

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا، هەزاران کەس لە ئۆکرانیا بەهۆی شەڕ و پێکدادان و بۆردومانەکانەوە کوژراون.

بەپێی بەرپرسانی ئەمەریکا، ڕووسیا داوای یارمەتی سەربازیی و ئابووری لە چین کردووە، چینیش لەلای خۆیەوە ئاماژەی بەوەداوە ئامادەیە یارمەتی پێشکەش بکات.

مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە داوای یارمەتی لە چین کردبێت، دەڵێت سەرچاوەی تەواوی هەیە تاوەکو ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت، وەزارەتی دەرەوەی چینیش بە هەمان شێوە ڕەتی کردەوە ڕووسیا داوای یارمەتی لێکردبێت و وتی " ئەو زانیارییانە هەڵەن."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس دوابەدوای کۆبوونەوەکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان و ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی دەرەوەی چین یانگ جیێچی لە ڕۆما وتی " زۆر بەڕوونی بە پەکینمان وتووە کە چاوەڕێ ناکەین. ڕێگە نادەین هیچ وڵاتێک قەرەبووی زیانەکانی ڕووسیا بکاتەوە."

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن " کۆبوونەوە حەوت کاتژمێرییەکەی نێوان سۆلیڤان و یانگ ڕەنگدانەوەی ڕەوشی ئێستا بووە و گفتوگۆیەکی چڕوپڕ ئەنجامدراوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG