Accessibility links

ڕوسیا و ئەمەریکا و چین هەوڵدەدەن تاڵیبان ڕازیبکەن بەشدار بێت لە دانوستانەکانی ئەفغانستاندا


زەڵمای خەلیلزاد

ڕوسیا و ئەمەریکا و چین لەم هەفتەیەدا هەوڵدەدەن چەکدارانی تاڵیبان ڕازیبکەن گفتوگۆ لەگەڵ سیاسەتمەدار و هاوڵاتیە مەدەنییەکانی ئەفغانستاندا بکەن، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لەو پڕۆسەیەدا کە هەوڵ دەدات کۆتایی بە جەنگی ئەفغانستان بهێنێت.

ڕۆژی پێنجشەممە نوێنەرانی ئەو سێ وڵاتە لە مۆسکۆ کۆدەبنەوە بەهیوای ئەوەی پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ تاڵیباندا خێراتر بکەن، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای شکستهێنانی کۆبوونەوەیەک کە هەموو لایەنەکانی جەنگی ئەفغانستانی تێدابوو، ئەمەش تیشکی خستە سەر ئەو گرژییەی کە بەربەست دەخاتە بەردەم جوڵەی وتوێژە فەڕمییەکان.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان زەڵمای خەلیلزاد لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبێت کە لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت. خەلیلزاد کۆمەڵێک کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا لە قەتەڕ ئەنجامداوە.

هەفتەی ڕابردوو خەلیلزاد لە تویتەر نوسیبووی " لەمیانەی ئەم گەشتەدا کار دەکەم لەسەر دروستکردنی پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان و ڕازیکردنی هەموو لایەنەکانی ئەفغانستان بۆ گفتوگۆکردن و وتوێژکردن. بوونی بەربەستێک لەسەر ڕێگاکە هۆکار نیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەکە."

دیبلۆماتکاران لە کابوڵ دەڵێن هیوایەک هەیە لەوەی کۆبوونەوەەی مۆسکۆ بەرپرسانی تاڵیبان ڕازی بکات لەگەڵ نوێنەرانی ئەفغانستاندا کۆببنەوە.

دیبلۆماتکارێکی ڕۆژئاوا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " ڕوسیا و چین دەتوانن هەندێک فشار بخەنە سەر تاڵیبان تاوەکو ڕازیبکەن بەمزووانە لەگەڵ نوێنەرانی ئەفغانستاندا کۆببنەوە."

هەفتەی ڕابردوو تاڵیبان ڕازی نەبوو لەسەر قەبارەی شاندەکەی ئەفغانستان کە لە 250 کەس پێکهاتبوون و سیاسەتمەدار و کەسایەتیە ناودارەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیان تێدابوو، ئەوەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەکە کە وابڕیاربوو لە قەتەڕ بەڕێوەبچێت بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ وتوێژەکان لەنێوان ئەفغانییەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG