سەرۆکی چین شی جین پینگ پێش سەردانەکەی بۆ ڕوسیا وتی بڵاوکردنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور هەڕەشەیەکی مەترسیدارە لەسەر بەرژەوەندییەکانی هەریەک لە ڕوسیا و چین.
شایەنی باسە چەند جارێک چین ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی ثاد و داوای کردووە بڵاوکردنەوەکە بوەستێنرێت و موشەکەکان لاببرێن.
پەکین دەڵێت ڕادارە بەهێزەکەی ثاد دەتوانێت بگاتە خاکی چین و دەتوانێت هاوسەنگی ناوچەکە تێک بدات و هیچ سودێکیشی نیە بۆ هەوڵەکان بۆ فشار خستنە سەر کۆریای باکوور تا واز لە بەرنامە ناوەکییەکەی بهێنێت.
دەزگای هەواڵی شینخوا لەزاری شی جین پینگەوە بڵاویکردەوە " ئەمەریکا سیستمی بەرگری موشەکی لە کۆریای باشوور بڵاوکردۆتەوە کە زیان بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ڕوسیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەگەیەنێت.
ئەمەریکا و کۆریای باشوور دەڵێن سیستمی ثاد تەنها بۆ بەرگریکردنە لە سیئۆل بەرامبەر هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.
شی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕوسیا وتی هاریکارییەک و پەیوەندییەکی باش هەیە لەنێوان و چین و روسیادا سەبارەت بەم بابەتە و وتیشی بیروڕاکانی دوو وڵاتەکە لەم بابەتەدا زۆر لەیەکەوە نزیکن.
شینخوا لەزاری شی جین پینگەوە وتی" چین و ڕوسیا بەتوندی دژی بڵاوکردنەوەی سیستمی ثادن و داوا دەکەن بوەستێنرێت."
وتیشی دوو وڵاتەکە پێکەوە کاردەکەن و چی پێویست بێت دەیکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا. بەڵام ووردەکاری زیاتریی نەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز