Accessibility links

چین: ڕووسیا و چین هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە ئۆکرانیا ڕێکخستووە


وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ

وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا وتی لەمیانەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی چین و ڕووسیادا، دوو وڵاتەکە هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە ئۆکرانیا ڕێکخستووە.

ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا 115,000 سەربازیی لەنزیک سنوورەکانی جێگیرکردووە، ئەوەش ترس و نیگەرانی دروستکردووە سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە پلانی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانن سەبارەت بەوەی ڕووسیا لەوانەیە ئامادەکاری بکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا. ڕووسیا داوای لە ناتۆ کردووە هەرگیز ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام تیایدا و هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بکشێنێتەوە.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هۆشدارییانداوەتە ڕووسیا لەسەر ئەوەی ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا ئەوا کۆمەڵێک سزای ئابووری توند دەسەپێنن بەسەریدا و داواکارییە ئەمنییەکانی ڕووسیاشیان ڕەت کردۆتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ لە پەکین، وتی " چین تێگەیشتن و پشتیوانی خۆی دەربڕیوە " بۆ هەڵوێستی ڕووسیا لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆ.

وتیشی هەردوولا هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە کێشەکانی ناوچەکە و نیگەرانییە هاوبەشەکان ڕێکخستووە، لەوانەش بابەتی ئۆکرانیا و ئەفغانستان و بارودۆخی نیمچە دورگەی کۆریا.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ و سەرۆکی ئەو وڵاتە ڤلادیمێر پوتن لە پەکینی پایتەختی چینن، ڕۆژی هەینی پوتن لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا کۆدەبێتەوە و دواتریش ئامادەی مەراسیمی کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین دەبن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG