Accessibility links

چین و ڕووسیا مەشقێکی هاوبەشی ئاسمانی و دەریایی لە دەریای ژاپۆندا دەستپێدەکەن


وەزارەتی بەرگری چین ڕایگەیاند هێزی دەریایی چین لەگەڵ هێزی دەریایی و ئاسمانی ڕووسیادا مەشقێکی هاوبەش لە دەریای ژاپۆندا ئەنجام دەدەن، وتیشی ئامانج لە مەشقەکان " پاراستنی ئاسایشی ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانە."

مەشقەکان تیشک دەخەنە سەر پەرەسەندنی هاریکارییەکانی نێوان چین و ڕووسیا لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا، هەروەها لە کاتێکیشدایە کە پەکین بەردەوامە لە ڕەت کردنەوەی داواکانی ئەمەریکا بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانییان.

وەزارەتی بەرگری چین وتی کەشتیگەلەکەی هێزی دەریایی چین کە ڕەوانەی دەریای ژاپۆن کراوە پێکهاتووە لە پێنج کەشتی جەنگی و چوار فڕۆکەی هێلیکۆپتەر کە کەشتییەکان هەڵیاندەگرن، کەشتیگەلەکە بەندەری چنگداوی ڕۆژهەڵاتی بەجێهێشتووە و لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیادا لە " ناوچەیەکی پێشوەخت دیاریکراو " یەکدەگرن.

ڕۆژی شەممە وەزارەتەکە وتی هێزی دەریایی و ئاسمانی ڕووسیا بەشداری لە مەشقەکەدا دەکەن کە لە دەریای ژاپۆندا بەڕێوەدەچێت.

ڕۆژنامەی گڵۆباڵ تایمز لە زاری چاودێرە سەربازییەکانەوە بڵاویکردەوە ئەمە یەکەمین جار دەبێت هەردوو هێزەکەی ڕووسیا پێکەوە بەشداری لە مەشقێکدا بکەن.

کەشتییەکانی گرۆمکی و سۆڤەرشینی کە دوو کەشتی جەنگی ڕووسیان و بەشداری لە مەشقەکانی دەریای ژاپۆندا دەکەن، لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا مەشقێکی جیایان لەگەڵ هێزی دەریایی ژاپۆندا ئەنجامدا کە مەشقەکە لە شەنگهای بەڕێوەچوو و سەنگی خستبووە سەر شێوازەکانی جووڵەکردن و پەیوەندی و ئەرکەکانی فریاکەوتن لە دەریادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG