Accessibility links

ڕووسیا هاتنی بەرپرسانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ وڵاتەکە قەدەغە دەکات


ڕووسیا ڕایگەیاند ژمارەیەکی زیاتری بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپای خستۆتە لیستی ئەو بەرپرسانەوە کە چیتر ناتوانن بێنە ڕووسیاوە، لەو بەرپرسانەش یاسادانەران و کەسایەتییە دیارەکان و ڕۆژنامەنووسەکان دەگرێتەوە، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی گوایە دەستیان هەبووە لە سەپاندنی سزاکاندا بەسەر ڕووسیادا.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی " قەدەغەکردنەکە بەسەر بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەوروپادا جێبەجێ دەکرێت، لەوانەش ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمسیۆنی ئەوروپا و ڕابەرانی پێکهاتە سەربازییەکەی یەکێتیەکە، هەروەها زۆرینەی ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا کە پشتگیری لە سیاسەتی دژ بە ڕووسیا دەکەن."

یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا سزای ئابووریی و سیاسیی توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئەوەش بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا.

مۆسکۆ وتی لیستە ڕەشەکەی نوێنەرانی هەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ڕۆژنامەنووسان و کەسایەتییە دیارەکان دەگرێتەوە، کە " بەتایبەتی بەرپرس بوون لە پشتگیریکردن لە سزا نایاساییەکانی دژ بە ڕووسیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG