Accessibility links

هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دەڵێت زانیاریـیان نیـیە باس لە کوژرانی ڕێبەری داعش بکات


هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دەڵێت ناتوانێت ئەو ڕاپـۆرتانەی ڕووسیا پشـتڕاستبکاتەوە کە دەڵێن ڕەنگە ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕێبەری داعش کوژرابێت لە ئەنجامی هێرشێـکی ئاسمانی ڕووسیا بۆ سەر شوێنێـک لە نزیک ڕەققە لە مانگی پـێنجدا.

کۆلۆنێلی ئەمەریکایی ڕایان دیلۆن گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ هەینی ئەمەی ڕاگەیاند پاش ئەوەی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە بەیانـنامەکدا گوتی لە 28 ی مانگی پـێنج فڕۆکەکانی ڕووسیا بۆردومانی شوێنێـکیان لە باشوری شاری ڕەققە کرد کە تیایدا بەغدادی لەگەڵ نزیکەی 30 لە ڕێبەرە خۆجێـیەکانی داعش کۆبووەتەوە و نزیکەی 300 پاسەوانیان لەگەڵدا بووە. دەڵێن بەپـێی زانیاریـیەکانیان لە ئەنجامی بۆردومانەکە بەغدادی و زیاتر لە 100 داعشی دیکە کوژراون.

کاربەدەسـتێـکی کۆشـکی سـپیش بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ هیچ زانیاریـیەکی لەم بارەیەوە پـێنەگەیشتووە، بۆیە ناتوانن هیچ لێدوانێـک بدات.

لە لایەکی دیکە سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەر ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە مۆسکۆ گوتی زانیاری پشـتڕاستکراوی 100% ی نیـیە بیسەلمێنێت بەغدادی کوژرابێت.

XS
SM
MD
LG