لە هێرشەکانیش ڕێڕەوی هەستانی فڕۆکەکانی لە فڕۆکەخانەی ئۆدێسا تێکداوە.
دوای ئەوەی ڕووسیا شکستی هێنا لە گرتنی کیێڤ و کشایەوە، لە ئێستادا سەنگی خسۆتەسەر باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، داگیرکارییەکەی ڕووسیا بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی ناچار کردووە لە وڵاتەکە هەڵبێن.
هێزەکانی ڕووسیا زۆربەی شاری ماریوپۆڵ و شارۆچکەی خێرسۆنی باشووریشیان گرتووە.
لە ئۆدێسای ڕۆژئاوای خێرسۆنیش، کە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو دووربووە لە شەڕەکەوە، فەرمانڕەوای ئۆدێسا ماکسیم مارچینکۆ وتی هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە کرایمییەوە هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئۆدێسا ئەنجامداوە و لە ئاکامدا ڕێڕەوی هەستانی فڕۆکەکانی لە فڕۆکەخانەی سەرەکی شارەکەیان تێکداوە.
مارچینکۆ وتی " سوپاس بۆ خوا کەس زیانی بەرنەکەوتووە. ڕێوشوێنی دژ بە کارە تێکدەرەکان لە سەرانسەری هەرێمەکەدا گیراونەتەبەر. سوپای ئۆکرانیاش وتی چیتر ناتوانرێت فڕۆکەخانەکە بەکاربهێندرێت.
بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا هەفتەی ڕابردوو شاری ئۆدێسایان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا هەشت کەس کوژران، ئۆدێسا سێیەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە.
هەروەها لە شارۆچکەی دۆبرۆفیلیای هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، شەپۆلێکی لەرینەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانەوە دروست بووە پەنجەرەکانی بینایەکی نیشتەجێبوونی شکاندووە.
سەرەڕای چەند هەفتەیەک لە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، ڕۆژی شەممە هەردوولا بەشێوەیەک دەرکەوتن کە زۆر دوور بن لە یەکترەوە.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وتی لابردنی سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا بەشێک بووە لە گفتوگۆکان، بەڵام نوێنەری باڵای ئۆکرانیا بۆ گفتوگۆکان میخایلۆ پۆدۆلیاک ئەوەی ڕەت کردەوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سوورە لەسەر ئەوەی سزاکانی سەر ڕووسیا پتەوتر بکرێن و ئاماژەشی بەوەداوە گفتوگۆ لەسەر سزاکان ناکەین.
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵی دەستکەوتنی 33 ملیار دەدات لە کۆنگرێسی ئەمەریکا تاوەکو بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا تەرخانی بکات، 20 ملیارییان بۆ چەک دەبێت. هەروەها سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسنیش وتی وڵاتەکەی " بەردەوام دەبێت لە پێدانی ئەو کەلوپەلانەی کە ئۆکرانیا پێویستی پێیانە."
لاڤرۆڤ وتی ئەگەر ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ بەڕاستی دەیانەوێت ئەم قەیرانە چارەسەر بکەن، ئەوا دەبێت چیتر چەک نەدەن بە کیێڤ.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز