Accessibility links

ڕووسیا هێرشی موشەکی دەکاتە سەر کیێڤ و شارەکانی ئۆکرانیا


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕووسیا هێرشی موشەکی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازی و ژێرخانەکانی ئۆکرانیا، هێرشەکان کیێڤی پایتەخت و شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیاشییان گرتووەتەوە.

ئۆکرانیا وتی لە کۆی 35 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی 32 فڕۆکەی خستووەتە خوارەوە کە لە هەرێمی بریانسکی ڕووسیا و دەریای ئازۆڤەوە هەڵدرابوون.

فەرمانڕەوای هەرێمی لڤیڤ ماکسیم کۆزیتسکی وتی " دامەزراوەیەکی زۆر گرنگ " لە لڤیڤ کراوەتە ئامانج، کە زۆر دوورە لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕەکە و تەنها 70 کم لە سنووری پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆوە دوورە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

هیچ ئاماژەیەک نەدراوە بە کەوتنەوەی زیانی گیانی لە هێرشەکەدا. هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر کیێڤ و شارەکانی ئۆکرانیا نوێترین هێرشی ڕووسیان لە دوای دەستپێکردنی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئۆکرانیا.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکە لە زۆربەی هەرێمەکانی ئۆکرانیادا چالاکن.

وتیشی " بەڵام ئاڕاستەی سەرەکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان هەرێمی کیێڤ بووە. لەوێ زیاتر لە 24 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید تێکشکێندراون. "

ئۆفیسی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە چەندین شێواز هێرشییان کردۆتە سەر کیێڤ، زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی بۆ ماوەی زیاتر لە چوار کاتژمێر بەردەوام بووە. چەندین بینای بازرگانی و بەڕێوبەرایەتی و هەندێک لە خانووە تایبەتەکان زیانییان پێگەیشتووە.

وەزارەتی وزەی ئۆکرانیا وتی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە تێکشکێندراوەکان هێڵەکانی کارەبایان لە هەرێمی کیێڤ و هەرێمی میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیا تێکداوە، ئەوەش بووەتە هۆی بڕانی کارەبای سەدان کەس لە دانیشتوان.

وتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا یوری ئهنات وتی هێزی ئاسمانی وڵاتەکە ناتوانێت سەرانسەری وڵاتێکی گەورەی وەکو ئۆکرانیا لە یەک کاتدا بپارێزێت.

هێزی ئاسمانی وتی ڕووسیا بە موشەکی ئیسکاندەر و سیستمی موشەکی ئێس – 300 لە شاری زاپۆریزای پیشەسازی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای داوە.

بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی سەربازیی هەرێمی زاپۆریژا یوری مالاشکۆ وتی ڕووسیا ژێرخانی پەیوەندییەکان و کشتوکاڵ و موڵکە جوتیارییەکانی کردۆتە ئامانج.

سوپای ئۆکرانیا وتی بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووسیا حەوت موشەکی ئاڕاستەی زاپۆریژا کردووە.

دەسەڵاتی دادوەری ئۆکرانیا وتی ڕۆژی دووشەممە بەهۆی تۆپبارانی ڕووسیاوە بۆ سەر هەرێمی سومی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ژنێکی تەمەن 70 ساڵ کوژراوە و سێ کەسی دیکە بریندار بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG