Accessibility links

ڕووسیا داوای ' ڕوونکردنەوە ' لە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەکات لەسەر ڕاپۆرتەکەی


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ دەڵێت ڕووسیا داوای " ڕوونکردنەوی زیاتری " لە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کردووە سەبارەت بە چەند بەشێکی ڕاپۆرتەکەی لەسەر وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا لە ئۆکرانیا.

ڕۆژی سێشەممە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی داوای کرد بۆردومانەکان لە نزیک وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بوەستێنرێت و ناوچەیەکی ئاسایش لە دەوروبەری وێستگەکەدا دابمەزرێت. ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو دەزگاکە ئەرکێکی لە وێستگە ناوەکییەکەی ئۆکرانیادا ئەنجامدا.

لە مانگی سێیەوە وێستگەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕووسیادایە بەڵام هێشتا لەلایەن کارمەندانی ئۆکرانیاوە بەڕێوەدەبرێت، وێستگەکە پەیوەستە بە سیستمی کارەبای ئۆکرانیاوە. مۆسکۆ و کیێڤ یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە و دەوروبەری.

لاڤرۆڤ بە دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی وت مۆسکۆ داوای زانیاری زیاتر دەکات سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی و داوایەکیشی ناردووە بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر.

ئینتەرفاکس لە زاری لاڤرۆڤەوە بڵاویکردەوە " پێویستییەک هەیە بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر چونکە کۆمەڵێک کێشە هەیە لە ڕاپۆرتەکەدا. ئێستا باسیان لێناکەم، بەڵام داوای ڕوونکردنەوەمان لە سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG