Accessibility links

تاس: ڕووسیا 7 کەس بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی دوو ڕۆژنامەنووسی دیار دەستگیر دەکات


بینای دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا
بینای دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیا بڵاویکردەوە دادگایەکی مۆسکۆ تۆمەتی تاوانی دژ بە حەوت کەس دەرکردووە کە " ڕق و کینەی نەتەوەیی " پاڵنەرییان بووە بۆ هەوڵدان بۆ کوشتنی دوو ڕۆژنامەنووسی دیاریی ڕووسیایی لە پلانێکدا کە " ئۆکرانیا پشتیوانی لێکردووە ".

تاس وتی دادگاکە ڕەزامەندی دەربڕیوە بە دەستبەسەرکردنی 7 کەسەکە تاوەکو 14 ی مانگی نۆ، ئەوەش بەپێی تۆمەتی تاوانکاری " کۆمەڵایەتی "، لەو حەوت کەسەدا پێنج کەسییان لە 2005 و 2006 دا لە دایک بوون و دوو پیاویشییان لەگەڵدا بووە کە دەوترێت ئەندامن لە گروپێکی ڕێکخراودا.

تاس وتیشی دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیا ڕۆژی هەینی ژمارەیەک کەسی دەستگیرکردووە کە ئەرکێکی دیدەوانییان لە نزیک ماڵ و شوێنی کارەکانی ڕۆژنامەنووسان مارگاریتا سیمۆنیان و کسینیا سۆبچاکەوە ئەنجام داوە.

ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە و لە ڕابردووشدا ڕەتی کردۆتەوە دەستی هەبووبێت لە کوشتنی ئەو کەسایەتییە دیارە ڕووسیاییانەدا کە پشتگیری لە جەنگەکە دەکەن.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا لە زاری دەزگای ئاسایشی فیدڕاڵی ڕووسیاوە بڵاویکردەوە دەستبەسەرکراوەکان دانییان بەوەدا ناوە لەجیاتی ئۆکرانیا ئامادەکارییان کردووە بۆ هێرشکردنە سەر دوو ژن و بەڵێنییان پێدراوە هەر یەکێکییان بە بڕی 1.5 ملیار ڕوبڵ خەڵات بکرێن.

سیمۆنیان بەڕێوبەری دەزگای ڕاگەیاندنی ئاڕ تییە و بە ئاشکرا پشتگیری لە جەنگەکەی ڕووسیا دەکات لە ئۆکرانیادا، لە هەژماری خۆی لە تێلیگرام ئاماژەی بە " پلانگێڕێییەکە " کردووە و بە دەزگاکانی ئاسایشی ڕووسیا دەڵێت " بەردەوام بن لە کارکردن براکانم."

سۆبچاک ڕۆژنامەنووسێکی دیاری ڕووسیایە و پێشکەشکاریشە، لە ساڵی 2018 دا کاندید بوو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیادا.

دوو ڕۆژنامەنووسی دیاری دیکەی ڕووسیایی کە پشتگیرییان لە جەنگەکەی ڕووسیا دەکرد، داریا دوگینا و ڤلادلین تاتارسکی، ساڵی ڕابردوو لە هێرشەکاندا لە ناو ڕووسیادا کوژران. ڕووسیا ئۆکرانیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی کوشتنییان، بەڵام کیێڤ ڕەتی کردەوە و وتی کوشتنەکەیان بەڵگەن لەسەر شەڕی ناوخۆی ڕووسیا.

لە مانگی پێنجدا ڕۆژنامەنووسی دیاری ڕووسیا زاخار پریلیپین لە تەقینەوەی ئوتومبێلێکدا بریندار بوو، بەڵام شۆفێرەکەی کوژرا. لێکۆڵەرەوەکان وتییان گومانلێکراوێک دەستگیرکراوە و دانی بەوەدا ناوە کە لە جیاتی ئۆکرانیا ئەو کارەی کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG