Accessibility links

لە خۆپیشاندانەکانی دژە جەنگدا لە ڕووسیا سەدان کەس دەستبەسەر دەکرێن


ڕۆژی یەکشەممە ڕووسییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان دژی هێرشەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەربڕی لە ئۆکرانیا، هاوکات تاوەکو ئێستا زیاتر لە 700 خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراون.

ڕێکخراوی ئۆ ڤی دی کە چاودێری دەستگیرکردنەکان دەکات لەمیانەی خۆپیشاندانەکاندا، ڕۆژی یەکشەممە وتی تاوەکو کاتژمێر 6:30 خولەکی ئێوارە بە کاتی مۆسکۆ پۆلیسی ڕووسیا 745 کەسیان لە 37 شاری وڵاتەکەدا لەمیانەی خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەرکردووە. لانی کەم 353 کەسیان لە مۆسکۆ دەستبەسەرکراون.


پەیامنێرێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کە لەنێو خۆپیشاندەراندا بووە لە مۆسکۆ، وتی لانی کەم دەیان کەسی بینیوە دەستبەسەرکراون، وتیشی هەر کەسێک ناسنامەی پێنەبووایە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر دەکرا.

دەزگای هەواڵی فرانس پرێس وتی گەنجێک لە کاتێکدا کە لەلایەن دوو پۆلیسەوە دەستبەسەر دەکرا هاواری دەکرد " ئاشتی بۆ جیهان ".

بەپێی دەزگاکە لە شاری سەینت پیتەرسبێرگی ڕووسی کە دووەم گەورەترین شاری ڕووسیایە، کۆمەڵێک کەس دەستبەسەرکراون.

گۆڕەپانی شارەکە نێڤسکی ئاڤینو لەلایەن پۆلیسەوە داخراوە، دەیان ئوتومبێلی پۆلیس بەدرێژایی شەقامەکە ڕاگیراون.

هەفتەی ڕابردوو پۆلیسی ڕووسیا زیاتر لە 5000 خۆپیشاندەری لە سەرانسەری ڕووسیادا دەستگیرکرد. هاوڵاتیانی ڕووسی کاتێک دەچنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، ئەگەر دەستگیربکرێن ئەوا ڕووبەڕووی ئەگەری زیندانیکردن دەبنەوە و غەرامەش دەکرێن.

لە 24 ی مانگی دووەوە کاتێک ڕووسیا دەستیکرد بە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا، زیاتر لە 14,200 کەس بەهۆی بەشداریکردنیانەوە لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە جەنگدا دەستگیرکراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG