Accessibility links

ڕووسیا دەرکردنی 15 دیبلۆماتکاری هۆڵەندی ڕادەگەیەنێت


وەزیری کاروباری دەرەوەی هۆڵەندا وۆپکە هۆکسترا
وەزیری کاروباری دەرەوەی هۆڵەندا وۆپکە هۆکسترا

ڕۆژی سێشەممە ڕووسیا ڕایگەیاند 15 دیبلۆماتکاری هۆڵەندی لە وڵاتەکە دەردەکات، وتیشی دوو هەفتەیان لەبەردەستدایە تاوەکو وڵاتەکە جێدەهێڵن.

ئەم هەنگاوەی ڕووسیا دوای ئەوە دێت مانگی ڕابردوو هۆڵەندا 17 دیبلۆماتکاری ڕووسی لە وڵاتەکە دەرکرد. بەرپرسانی هۆڵەندا وتیان ئەوانەی دەرکراون ئەفسەری هەواڵگری بوون و خۆیان وەکو دیبلۆماتکار ناساندووە.

لە وەڵامێکدا بۆ دەرکردنی دیبلۆماتکارە هۆڵەندییەکان لە ڕووسیا، وەزیری کاروباری دەرەوەی هۆڵەندا وۆپکە هۆکسترا لە بەیاننامەیەکدا وتی " پێشبینی ئەوەم دەکرد ڕووسیا ڕێوشوێنی پێچەوانە بگرێتەبەر، ئەم هەنگاوە جێی نائومێدییە." دیبلۆماتکارەکان باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی گشتی هۆڵەندا لە مۆسکۆ جێدەهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتیشی وەکو تۆڵەسەندنەوەیەک چوار دیبلۆماتکاری نەمسایی و 12 دیبلۆماتکاری بەلجیکی لە وڵاتەکە دەردەکات.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، نزیکەی 300 دیبلۆماتکاری ڕووسی لە وڵاتانی جیهانەوە دەرکراون.

هەریەک لە وڵاتانی ئەمەریکا و پۆڵەندا و مۆنتێنیگرۆ و لیتوانیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیا و سلۆڤاکیا لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە دیبلۆماتکارانی ڕووسیایان لە وڵاتەکانیان دەرکردووە.

ڕووسیاش دیبلۆماتکارانی هەریەک لە چیک و بولگاریا و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپای دەرکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG