Accessibility links

ڕووسیا بۆردومانی سەرانسەری ئۆکرانیا دەکات


لڤیڤ، ئۆکرانیا 15 ی مانگی یانزەی ساڵی 2022
لڤیڤ، ئۆکرانیا 15 ی مانگی یانزەی ساڵی 2022

ڕووسیا کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئۆکرانیا، 10 هەرێمی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج بە کیێڤی پایتەختیشەوە. ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە.

هێرشە ئاسمانییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا ئۆکرانیایان هەژاند، دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانەکانی دیکەی وڵاتەکەیان کردە ئامانج، هەروەها بیناکانی نیشتەجێبوونیان لە کیێڤ کردە ئامانج کە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لە دەستدا.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا بڵاویکردۆتەوە بینایەکی پێنج نهۆمی دەردەکەوێت کە ئاگری تێبەربووە. سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتاڵی کلیچسکۆ وتی سێ بینای نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج بەڵام یەکەکانی بەرگری ئاسمانی موشەکەکانی دیکەیان خستۆتە خوارەوە.

بەرپرسی باڵای ئۆکرانیا کیریلۆ تیمۆشینکۆ وتی ڕەوشەکە " هەستیارە " و داوای لە خەڵکەکە کرد بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە و " ئارام بگرن." کۆمپانیای دابینکەری کارەبای دی تی ئی کەی ڕایگەیاند کارەبا لە کیێڤ دەبڕێت و بەرپرسانی دیکەی ئۆکرانیا لە شوێنەکانی دیکەش هەمان ڕێوشوێنییان گرتۆتەبەر.

لە کاتێکدا زەنگی ئاگادارکردنەوەی موشەکەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا لێدرا، نزیکەی 100 هێرشی ئاسمانی بە موشەک کرایە سەر وڵاتەکە، ئەوەش چەند ڕۆژێک دوای خۆشحاڵی ئۆکرانییەکان سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنەوی شاری خێرسۆن لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە، کە هێزەکانی ڕووسیا نزیکەی نۆ مانگی جەنگەکە لە ژێر دەستی ڕووسیادا بوو.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان لە کۆبوونەوەکەی ڕابەرانی وڵاتانی بیستدا لە بالی ئیندۆنیسیا سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیای کرد.

وتی " لە کاتێکدا کە ڕابەرانی جیهان لە کۆمەڵەی بیست لە بالی کۆدەبنەوە و تاوتوێی پرسە گرنگەکان دەکەن بۆ ژیان و خەڵکەکە لە سەرانسەری جیهاندا، ڕووسیا جارێکی دیکە هەڕەشە لە ژیانی ئەو خەڵکانە دەکات و ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیا لە ناودەبات. ئەم هێرشانەی ڕووسیا تەنها نیگەرانییەکانی نێو کۆمەڵەی بیست سەبارەت بە کاریگەرییە تێکدەرانەکەی جەنگەکەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن قوڵتر دەکەنەوە. هەتاوەکو پێویست بکات لە پاڵ ئۆکرانیادا دەوەستین."

لەگەڵ شکستەکانیدا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، ڕووسیا زیاتر پەنای بردۆتەبەر هێرشە ئاسمانییە مەودا دوورەکانی بۆ سەر هێڵەکانی کارەبای ئۆکرانیا، لە کاتێکدا کە زستان نزیک دەبێتەوە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا باسیان لەوە کرد ڕۆژی سێشەممە هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر هەرێمەکانی لڤیڤ و ژیتۆمیر و خمیلنیتسکی و ڕیڤنی ڕۆژئاوا و خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش. سەرۆکی شارەوانی شاری کریڤی ڕیڤ ئۆلیکساندەر ڤیکول وتی چەند موشەکێک لە شارەکەی داوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG