Accessibility links

ڕوسیا داوا لە ڕۆژئاوا دەکات پارە سڕکراوەکانی ئەفغانستان بگەڕێنێتەوە


کرێملن داوای لە ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد سەرمایە سڕکراوەکانی ئەفغانستان بگەڕێننەوە و بۆ یارمەتیە مرۆییەکان لە ئەفغانستان بەکاریبهێنن، ئەوەش لەپێناو ڕێگەگرتن لە ئەگەری لێشاوی کۆچبەرانی ئەفغانی بۆ ئەوروپا.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان نانێت بە تاڵیباندا وەکو فەرمانڕەوای یاسایی ئەفغانستان کە لە مانگی هەشتدا دوای کشانەوەی هێزە بیانیەکان لە ئەفغانستان کۆنتڕۆڵی ئەو وڵاتەی کردەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە نیوەی دانیشتوانە 38 ملیۆنییەکەی ئەفغانستان ڕووبەڕووی کەمی خۆراک بوونەتەوە، وەرزی زستانیش ملیۆنان خەڵکی ناچار کردووە لە نێوان مردن لە برسا و کۆچدا هەڵبژێرن.

نوێنەری ڕوسیا لە ئەفغانستان زامیر کابولۆڤ وتی ڕوسیا هۆشداری داوەتەوە ڕۆژئاوا لەسەر ئەوەی سڕکردنی سەرمایەکانی ئەفغانستان لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی " لەم زستانەدا هەزاران خێزانی ئەفغانی بەرەو ئەوروپا هەڵبێن."

کابولۆڤ بە دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕوسی وت " ڕۆژئاوا لە لێشاوی کۆچبەران دەترسێت. بۆیە با پارەکانی ئەفغانستان بگەڕێنینەوە. دەبێت هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین تاوەکو پێویست نەکات هەزاران خێزانی ئەفغانی وڵاتەکە جێبهێڵن."

دوابەدوای گرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، ئەمەریکا لە ترسی ئەوەی ئەو پارەیە بۆ کاری تیرۆریستی بەکاربهێندرێت نزیکەی 9.5 ملیار دۆلاری بانکی ناوەندی ئەفغانستانی سڕکردووە، هەروەها یارمەتیە داراییەکانی ئەو وڵاتەش نەماوە کە پێشتریش ئابووری ئەفغانستان لەسەری ژیاوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG