ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی وڵاتەکەی دەستبەرداری شارۆچکەی لیمانی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بوون، کە شوێنێکی گرنگی ستراتیژیی بوو کە هێزەکانی ڕووسیا لە ماوەی داگیرکارییەکەیاندا لە ئۆکرانیا داگیرییان کردبوو.
ئەم ڕاگەیاندنەی ڕووسیا ڕۆژێک دوای ئەوە هات سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لکاندنی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک و خێرسۆن و زاپۆریژای ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند، لیمانیش دەکەوێتە هەرێمی دۆنێستکەوە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " بەهۆی هەڕەشەی گەمارۆوە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە نیشتەجێی کراسنی لیمان کشاونەتەوە بۆ هێڵە بەسوودەکانی دیکە." کراسنی لیمان ناوە ڕووسییەکەی لیمانی ئۆکرانیایە.
دواتر سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی سەرەڕای ئەوەی ئاڵای ئۆکرانیا لە لیمان بەرزکراوەتەوە " هێشتا شەڕەکە لەوێ بەردەوامە."
هەروەها وتیشی هێزەکانی ئۆکرانیا گوندی تۆرسکییان لەسەر شەقامی سەرەکی نێوان لیمان و ڕۆژهەڵات کۆنتڕۆڵ کردۆتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی " نزیکەی سەرجەم " سەربازەکانی ڕووسیا لە لیمان کوژراون یاخود دەستگیرکراون.
ڕووسیا لیمانی وەکو ناوەندێکی ئەرکە لۆجیستیکیەکانی و ئەرکەکانی گواستنەوە بەکاردەهێنا بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە باکووری هەرێمی دۆنێتسک. گرتنی لیمان لەلایەن ئۆکرانیاوە گەورەترین دەستکەوتی دەبێت لە دوای هێرشە پێچەوانەکەی مانگی ڕابردووەوە لە هەرێمی خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
زێلێنسکی وتیشی لە ڕۆژانی داهاتوودا هێزەکانی ئۆکرانیا شارۆچکەی دیکەش ئازاد دەکەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز