Accessibility links

چین میوانداری سەرۆکی ئێران دەکات


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی

وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند مانگی داهاتوو وڵاتەکە لەمیانەی کۆبوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە شاری ساحلیەی چین میوانداری سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی دەکات بەمەبەستی خۆ بەدوورگرتن لە لەکارکەوتنی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوانیان لەکاتێکدا وڵاتانی زلهێزی جیهان هەوڵدەن ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران ڕزگار بکەن دوای ئەوەی ئەمەریکا کشایەوە لێی.

وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەدا ڕۆحانی بە سەردانێکی کار دەچێت بۆ چین و ئامادەی کۆبوونەوەی لوتکەی کوتلەی ئاسایش دەبێت کە ڕوسیا و چین سەرکردایەتی دەکەن و پێی دەوترێت ڕێکخراوی شەنگەهای بۆ هاریکاری.

وەزارەتەکە بەرواری سەردانەکەی دیاری نەکرد بەڵام وابڕیارە کۆبوونەوە لوتکەکە لە مانگی شەشدا لە شاری چینگداوی باکووری چین ئەنجام بدرێت.

جێی ئاماژەیە ئێران ئێستا ئەندامی چاودێریکەرە لە ڕێکخراوی شەنگەهای بۆ هاریکاری سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدات ببێتە ئەندامێکی تەواو لەو ڕێکخراوەدا.

جێگری وەزیری دەرەوەی چین چانگ هان هوی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیوادارین گفتوگۆیەکی باش هەبێت لەنێوان چین و ئێراندا لەسەر بنەمای چاودێریکردنی ڕێکەوتنەکە و باشکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان."

وتیشی " دەبێت پێکەوە کار بکەین لەپێناو ئەوەی چۆن خۆمان بەدووربگرین لە ڕوودانی لەکارکەوتنی سەرەکی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا."

پێشتر ڕوسیا وتبووی لەگەڵ بەرزکردنەوەی سزاکانی ئەوروپا بۆ سەر ئێران، تاران ئەو کاتە دەتوانێت لەکۆتاییدا ببێتە ئەندام لە ڕێکخراوەکەدا کە کۆمارییەکانی ئاسیای ناوەڕاست و پاکستان و هیندستانیش لە خۆ دەگرێت.

دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە، وڵاتانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکەدا هەوڵدەدەن ڕێکەوتنەکە ڕزگار بکەن و باوەڕ بە ئێران بهێنن تاوەکو لە ڕێکەوتنەکەدا بمێنێتەوە.

چینیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆر بە بەهێزییەوە پشتیوانی لە ڕێکەوتنەکە کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی چین وتیشی بانگهێشتی هەریەک لە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و کازاخستان و قەرغیزستانیشی کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ سەرۆکی چین شی جین پینگدا.

جێی ئاماژەیە مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە گەیشتنە بەڕێکەوتنی نوێ لەنێوان حەوت وڵاتەکەی ناو ڕێکخراوەکەدا سەبارەت بە بابەتەکانی ئاسایش وەکو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.

ڕێکخراوی شەنگەهای بۆ هاریکاری لە ساڵی 2001 دا دامەزرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوە ئیسلامیەکان و ترسەکانی ئاسایشی ناوچەکە. هیندستان و پاکستانیش ساڵی ڕابردوو بوونە ئەندامی هەمیشەیی ڕێکخراوەکە.

ئێرانیش ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدات ببێتە ئەندام و چینیش دەڵێت پشتیوانی لە داواکەی دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG