Accessibility links

ڕۆحانی داوا لە بایدن دەکات بگەڕێتەوە پێش سەردەمی سەرۆک ترامپ


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی داوای لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن کرد بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش سەرۆک ترامپ، وتیشی هەنگاوێكی لەم شێوەیە دەتوانێت ببێتەهۆی ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ سیاسەتی " توندترین فشاری " بۆ سەر ئێران پەیڕەو کردووە و لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و هەموو سزاکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا.

لەلای خۆیەوە بایدن کە لە ماوەی واژۆکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا لە ساڵی 2015 دا جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوو، نیازی بۆ " گۆڕینی ئاڕاستەکان " لەگەڵ تاراندا پیشانداوە، هەروەها ئەگەری گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ئەگەر هاتوو ئێران پابەند بێت بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە.

ڕۆحانی وتی " دەکرێت ئێران و ئەمەریکا بڕیار بدەن و بگەڕێنەوە سەر بارودۆخەکەی پێش 20 ی مانگی یەکی ساڵی 2017." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو ڕۆژەی سەرۆک ترامپ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکای وەرگرت.

لە وتارێکدا ڕۆحانی وتی " سیاسەتی حکومەتی کۆماری ئیسلامی پابەند بوونە بەرامبەر پابەندبوون، هەنگاوێکە بەرامبەر هەنگاوێک، کەمکردنەوەی گرژییەکانە بەرامبەر کەمکردنەوەی گرژییەکان، ڕێزە بەرامبەر ڕێز، پابەندبوون بە بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانەوە بەرامبەر پابەندبوون بە بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانەوە."

وتیشی " ئەگەر ڕابەرانی نوێی ئەمەریکا ئەم جۆرە سیاسەتە پەیڕەو بکەن ئەوا چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشەکان ئاسان دەبێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG