Accessibility links

ڕۆحانی: هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشە نین بۆ سەر ناوچەکە


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی وتی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشە نین بۆ سەر هیچ وڵاتێک لە ناوچەکەدا، ئەمەش لەکاتێکدا تاران بەبۆنەی ڕۆژی سوپاوە پیشاندانێکی سەربازییان ڕێکخست بۆ دەرخستنی نوێترین چەکەکانی لەنێوەندی گرژییەکاندا لەگەڵ واشنتن.

لە پیشاندانەکەدا ئێران موشەک و ژێرئاوگەڕ و ئوتومبێلی زریپۆش و ئامێرەکانی ڕادار و سیستمی جەنگی ئەلیکترۆنی پیشاندا. هەروەها سیستمە بەرگرییە موشەکییە ڕوسییە ئێس 300 ەکەشی پیشاندا.

ڕۆحانی وتی " دەمەوێت بە وڵاتانی ناوچەکە بڵێم هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی ئێوە نیە و دژی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانتان نیە. دژی داگیرکەرانن. هۆکاری سەرەکی کێشەکانمان سیستمی سەهیۆنی و ئیمپڕیاڵی ئەمەریکییە."

وتیشی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئێستا لە هەموو کات بەهێزتر بووە و " هەوڵدەدەین بۆ ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و سەروەری دەوڵەت و لەناوبردنی تیرۆر و چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا."

جێی ئاماژەیە ئێران دوو سوپای هەیە، یەکێکیان سیستمییە و بە هێزی بەرگری نیشتیمانی دادەنرێت، ئەوەی دیکەیان هێزەکانی سوپای پاسدارانە کە دوای شۆڕشەکەی ساڵی 1979ی ئێران دامەزرا بۆ پارێزگاریکردن لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوژمنە ناوخۆی و دەرەکییەکان.

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا بە فەڕمی سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG