ڕۆژی سێشەممە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە خانمی یەکەمی پێشووی ئەمەریکا ڕۆزلین کارتەر لە ئەتڵانتا بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا جیمی کارتەری تەمەن 99 ساڵی هاوسەری ڕۆزلین کارتەر، کە لە مانگی دوودا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە، پلانی هەیە ئامادەی ڕێوڕەسمەکەی ڕۆژی سێشەممە ببێت.
ناوەندی کارتەر وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و جیڵی خێزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هێرس و داگ ئیمهۆفی هاوسەری و سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا بیڵ کلینتن و وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمەریکا هیلاری کلینتن و خانمانی یەکەمی پێشووی ئەمەریکا میلانیا ترامپ و میشێل ئۆباما و لاورا بوش ئامادەی ڕێوڕەسمەکە دەبن.
ڕۆزلین کارتەر لە 19 ی مانگی یانزەدا لە تەمەنی 96 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
پرسەکەشی بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە لە پلەینسی ویلایەتی جۆرجیا بەڕێوەبچێت، دواتریش کەسە نزیکەکانی لە ماڵی خێزانەکەدا کۆدەبنەوە.
بۆنەکانی ڕێزلێنان لە ڕۆزلین کارتەر لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستی پێکردووە و هاووڵاتییان بۆ پیشاندانی ڕێزی خۆیان سەردانی کتێبخانەی سەرۆکایەتی جیمی کارتەر دەکەن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا