شارۆچکەیەک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ڕۆمانیا بە نیازە سەرۆکێـکی نوێی شارەوانی بۆخۆی هەڵبژێرێت، بەڵام کێشەکە لەوەدایە لە نێو کاندیدەکان سێ کاندیدیان هەیە هەرسێـکیان هەمان ناویان هەیە.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت ڤیۆرێل مونتێانۆ کاربەدەسـت لە شارەوانی شارۆچکەی "دراگۆسێنی" ئەمڕۆ هەینی گوتویەتی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی شارەوانی کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە سازبکرێت، 3 کاندیدیان هەیە هەرسێکیان ناویان ڤاسێلێ چێپـۆی (Vasile Cepoi)یە.
یەک لەوانە بۆخۆی لە ئێسـتادا سەرۆکی شارەوانیـیە و بەنیازە بۆ جاری چوارەم پـۆستەکە بگرێتەوەدەست.
شارۆچکەکە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 2500 کەسە، تیایدا هەردوو ناوی Vasileو Cepoi زۆرە، بەڵام میدیاکانی ڕۆمانیا گومانیان هەیە لەوەی ئەمە بە ڕێکەوت بووبێت و پـێـیانوایە ئەمە فێڵێـکی کاندیدەکانی دیکە بێت، ئەوانەی دەیانەوێت ئەم سەرۆکی شارەوانی ئێسـتایان لابەرن. ڤیۆرێل مونتێانۆ کاربەدەسـتەکەی شارەوانی ئەمەی بە دور نەزانی.