Accessibility links

دادگایەکی ڕۆمانیا داوایەکی تورکیای ڕەتکردەوە بۆ ڕادەستکردنی ڕۆژنامەوانێک


دادگایەکی ڕۆمانیا داواکەی تورکیای ڕەتکردەوە بۆ ڕادەسـتکردنی ڕۆژنامەوان کامیل دەمیرکایا کە بە تێرۆرزم تاوانباری کردووە.

دادگای پـیاداچوونەوەی بوخارێست ئەمڕۆ هەینی لە دانیشتنێکدا کە 15 خولەک زیاتری نەخایاند، بڕیاری دا ئەم ڕۆژنامەوانە تورکە ڕادەستی تورکیا نەکرێتەوە.

داوکاری گشتی بۆ دادگای ڕوونکردەوە مەسەلەکە سیاسیـیە و هیچ پەیوەندی بە تێرۆرزمەوە نیـیە، بۆیە بەپـێی ڕێساکانی ڕادەستکردن ناکرێت ڕەوانەی تورکیا بکرێتەوە. بەپێی یاساکانیش کاتێک داواکاری گشتی بڵێت کەیس نیـیە، ئەوا ئۆتۆماتیکی کۆتایی بە دانیشتنەکە دێت و بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.

دەسەڵاتدارانی ڕۆمانیا لە 5 ی مانگی دوازدەوە کامیل دەمیرکایایان دەستگیرکردبوو لەسەر داوای تورکیا کە تاوانباری کردووە بە ئەندامێتی لە کۆمەڵێکی تاوانکاری تێرۆرست، ئەمەش مەبەستی کۆمەڵی فەتحوڵڵا گولەنە، ئەوەی ئەنکەرە دەڵێت لە پشت هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 بووە. بەڵام ئەم ڕۆژنامەوانە تورکە کە بۆ میدیای زەمان کاردەکات بە توندی ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت دەستی لە هیچ تاوانێکدا نەبووە وە ڕەتی دەکاتەوە ڕادەستی تورکیا بکرێتەوە، چونکە دادپەروەری لە تورکیادا نەماوە.

ئەم کەیسە پاش ڕۆژێک دادگا بڕیاری لەسەر دا کە کۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ لە ڕاپـۆرتێکیدا گوتی تورکیا لە ئەمساڵیشدا بە گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانان مایەوە.

XS
SM
MD
LG