دوو وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕۆژی یەکشەممە وتییان دڕۆنەکانی ڕووسیا سنووری ئاسمانی وڵاتەکانیانیان بەزاندووە، یەکێک لە دڕۆنەکان گوایە لە هێرشێکی شەودا بۆ سەر ئۆکرانیا بە ئاسمانی ڕۆمانیادا فڕیوە و دڕۆنێکی دیکە ڕۆژێک پێشتر لە ڕۆژهەڵاتی لاتیڤیا کەوتووەتە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگری نیشتیمانی ڕۆمانیا وتی بەیانی زووی ڕۆژی یەکشەممە دڕۆنێک هاتووەتە ناو ئاسمانی ڕۆمانیاوە لە کاتێکدا کە مۆسکۆ " ئامانجە سڤیلەکان و ژێرخانی بەندەرەکانی " لە سەرانسەری دانوبی ئۆکرانیادا کردووەتە ئامانج. وتیشی بوخاریست فڕۆکەی جەنگی F-16 ی ڕەوانە کردووە بۆ چاودێریکردنی ئاسمانی وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی لە دوو هەرێمی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ئاگادار کردووەتەوە.
وتیشی لێکۆڵینەوە دەکات لە ئەگەری " شوێنی کەوتنە خوارەوەی " دڕۆنەکە لە ناوچەیەکی سەر سنووری نێوان ڕۆمانیا و ئۆکرانیادا کە دانیشتووی تێدا نیە.
دواتر هەر لە ڕۆژی یەکشەممەدا وەزیری بەرگری لاتیڤیا ئاندرێس سپرودس وتی دڕۆنێکی ڕووسیایی ڕۆژێک لەوەوبەر لە نزیک شارۆچکەی ڕێزیکن کەوتووەتە خوارەوە و پێدەچێت لە بێلاڕووسەوە هاتبێتە ناو لاتیڤیاوە.
ڕێزیکن زیاتر لە 25,000 دانیشتووی هەیە و دەکەوێتە دووری 55 کیلۆمەترەوە لە ڕۆژئاوای ڕووسیا و 75 کیلۆمەتر لە بێلاڕووسی هاوپەیمانی نزیکی ڕووسیاوە.
لە کاتێکدا کە هاتنی دڕۆنەکە بۆ ناو ئاسمانی لاتیڤیا وادەردەکەوێت کە ڕووداوێکی دەگمەن بووە، ڕۆمانیا چەندین جار باسی لە دۆزینەوەی پارچەی دڕۆن کردووە لەسەر خاکەکەی لەو کاتەوەی کە ڕووسیا جەنگەکەی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد، نوێترینیان لە مانگی حەوتدا بوو.
جێگری سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ و دیبلۆماتکاری پێشووی ڕۆمانیا میرکیا جیۆوانا بەیانی ڕۆژی یەکشەممە وتی ناتۆ سەرکۆنەی پێشێلکردنی ئاسمانی ڕۆمانیا دەکات لەلایەن ڕووسیاوە. وتی " لە کاتێکدا کە هیچ زانیارییەکمان نیە کە ئاماژە بەوە بدات ڕووسیا بە بەمەبەست هێرشی کردبێتە سەر هاوپەیمانان، بەڵام ئەم کارانە نا بەرپرسانەن و مەترسیدارن."
سوپای لاتیڤیاش ڕۆژی یەکشەممە وتی هیچ ئاماژەیەک نین لەسەر ئەوەی ڕووسیا یاخود بێلاڕووس بە مەبەست دڕۆنییان ڕەوانەکردبێت بۆ وڵاتەکەیان. سوپای لاتیڤیا وتی شوێنی کەوتنە خوارەوەی دڕۆنەکەی دۆزیوەتەوە و لێکۆڵینەوە دەکەن.
وەزیری بەرگری لاتیڤیا ئاندرێس سپرودس ڕووداوەکەی بە کەم زانی و وتی " دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتووەتەوە و هیچ موڵکێکیش بە هیچ شێوەیەک زیانی پێنەگەیشتووە." وتیشی " بێگومان ئەوە ڕووداوێکی مەترسیدارە چونکە جارێکی دیکە ئەوەمان بە بیرمان دەهێنێتەوە کە لەگەڵ چی وڵاتێکی دراوسێماندا دەژین کە لە تەنیشتمانەوەیە."
سەرچاوە/ AP
دوو وڵاتی ناتۆ دەڵێن دڕۆنەکانی ڕووسیا سنووری ئاسمانی وڵاتەکانیانی بەزاندووە
