Accessibility links

دوای لێدوانەکانی لەسەر ئۆکرانیا و فشارەکان، وەزیری بەرگری ڕۆمانیا دەستی لەکارکێشایەوە


وەزیری بەرگری ڕۆمانیا ڤاسیل دینچو ڕۆژی دووشەممە دەستی لەکارەکەی کێشایەوە، وتی چیتر ناتوانێت لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکەدا هاریکاری بکات، ئەمەش دوای ئەوەی چەند هەفتەیەکە فشاری لەسەرە بەهۆی لێدوانەکانیەوە سەبارەت بە ئۆکرانیا کە تیایدا وتبووی تەنها دەرفەت بۆ ئۆکرانیا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە گفتوگۆکردنە لەگەڵ ڕووسیادا.

ڕۆمانیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا سنوورێکی 650 کیلۆمەتری لەگەڵ ئۆکرانیادا هەیە، هەروەها میوانداری سیستمی بەرگری موشەکی باڵیستیکی ئەمەریکی کردووە، لەم ساڵیشدا گروپێکی شەڕکەری هاوپەیمانێتی ناتۆ بە شێوەیەکی هەمیشەیی لە ڕۆمانیا جێگیرکرا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە نزیکەی 2.65 ملیۆن ئۆکرانی لە ڕێی ڕۆمانیاوە هەڵاتوون بۆ ئەوروپا.

دینچو گوتی " دەست لە کارکێشانەوەکەم لە کاتێکدایە کە مەحاڵە بتوانم هاریکاری بکەم لەگەڵ سەرۆکی ڕۆمانیادا، سەرکردەی سوپای ڕۆمانیا."

گوتی " پێم وایە کشانەوەم لەو پۆستە پێویستە بۆ ئەوەی ئەو بڕیار و پڕۆگرامانەی کە دەردەکرێن زیانیان پێنەگات و هەروەها بەربەست دروست نەبێت لەبەردەم ئەو پڕۆژانەدا کە بە دڵنیاییەوە گرنگن بۆ وەزارەتەکە و سوپا."

لە سەرەتای مانگی 10 دا دینچو وتی ئۆکرانیا پێویستی بە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان بووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گرەنتییە ئەمنییەکان و ئاشتی لەگەڵ ڕووسیادا، ئەم لێدوانەشی لەلایەن سەرۆکی ڕۆمانیا کلۆس لۆهانیسە و ڕابەرانی هاوپەیمانێتییە فەرمانڕەواکەی ڕۆمانیاوە ڕەخنەی لێگیرا. دواتر وتی لێدوانەکانی بە هەڵە لێکدراونەتەوە.

لۆهانیس گوتی ئۆکرانییەکان لە جەنگەکەدا خوێن دەڕێژن و تەنها ئەوانیش دەتوانن بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی کەی و لەسەر چی گفتوگۆ بکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG