ڕۆجەر ستۆنی هاوپەیمان و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک ترامپ سزای 3 ساڵ و 4 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش دوای ئەوەی وەزیری دادی ئەمەریکا ویلیام باڕ پێشنیارەکانی پارێزەرانی گشتی پەسەند کرد کە پێشتر ڕەتی کردبوونەوە.
دادوەری دادگای یەکیتی ئەمەریکا ئەیمی بێرمان جاکسن وتی تاوانەکانی باڕ وەهای دەخواست کە ماوەیەکی زۆر لە زینداندا بەسەر بەرێت، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا پێشنیارەکەی پێشووی وەزارەتی دادی ئەمەریکا بۆ زیندانیکردنی ستۆن بۆ ماوەی حەوت بۆ هەشت ساڵ زیاد لە پێویست بوو.
کاتێک جاکسنی دادوەر فەرمانی سزاکەی ڕاگەیاند، ستۆن هیچ وەڵامدانەوەیەکی نەبوو، دواتر کاتێک لە دادگا هاتە دەرەوە خەڵکێکی زۆر لە دەرەوە هاواریان دەکرد " زیندانی بکەن " هەندێکیشیان هاواریان دەکرد " لێی خۆشببن ". ستۆن چووە ناو ئوتومبێلەکەیەوە و هیچ لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان نەدا.
پارێزەرەکەی ستۆن وتی خۆی و تیمەکە هیچ لێدوانێکیان نیە، دادگاش جێبەجێکردنی سزاکەی دواخست لەکاتێکدا تاوتوێی بڕیارەکەی ستۆن دەکات بۆ دووبارە دادگاییکردنەوەی.
ڕۆجەر ستۆن هاوپەیمان و ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆک ترامپە و ئێستا لە واشنتن زۆرێک بیر لەوە دەکەنەوە ئایا سەرۆک ترامپ لێی خۆش دەبێت یاخود نا، ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا لەم هەفتەیەدا سەرۆک ترامپ لێخۆشبوونی سەرۆکایەتی بۆ 11 تاوانباری دیار دەرکردووە، سەرۆک ترامپ وتی بۆ ئێستا چاوەڕێ دەکات.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی " من هیچ شتێک ناکەم بەپێی ئەو دەسەڵاتەی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەمە، دەبێت پڕۆسەکە خۆی بەڕێوەبچێت، پێم وایە ئەوە باشترین شت دەبێت، حەز دەکەم ببینم ڕۆجەر ستۆن ئازاد بکرێت."
بەڵام سەرۆکی لیژنەی هەواڵگری دیموکراتەکان ئادەم شێف وتی " لێخۆشبوون لە ستۆن لەکاتێکدا ئەو تاوانانەی ئەنجامیداوە بۆ پاراستنی سەرۆک ترامپ بووە گەندەڵییەکی سەرسوڕهێنەر دەبێت."
بەڵام سیناتۆر لیندسی گراهام بە پێچەوانەی شیفەوە وتی " سەرۆک ترامپ دەسەڵاتی یاسایی تەواوی هەیە لە ستۆن خۆشببێت ئەگەر بیەوێت."
لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا ڕۆجەر ستۆن تۆمەتبار کرا بە ئەنجامدانی حەوت تۆمەت، لەوانەش درۆکردن لەگەڵ کۆنگرێس و کۆسپ خستنە بەردەم لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بەوەی کە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 ی ئەمەریکادا بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ ڕوسیادا یاخود نا.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس