Accessibility links

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان 11 کەس کوژران


بەرپرسانی ئەفغانی وتیان پاسێک لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان بەسەر بۆمبێکی چێنراودا ڕۆشتووە و لە ئەنجامدا 11 کەس کوژراون و 30 کەسی دیکە برینداربوون.

وتەبێژی هەرێمی فورای ڕۆژئاوای وڵاتەکە موحیب اللە موحیب وتی کاتژمێر چوار و نیوی بەیانی بە کاتی ئەفغانستان ڕووداوەکە لە ڕێگەیەکی خێرای هەرێمی فورا لە نێوان شاری هوڕات و هەرێمی هێڵمندا ڕوویداوە.

وتیشی بەلایەنی کەمەوە حەوت کەس کوژراون و 27 کەسی دیکە برینداربوون، بەڵام وتەبێژی فریاگوزاری خێرا لە هوڕات وتی ژمارەی کوژراون 11 کەسن و 31 کەسی دیکەش برینداربوون.

جێی ئاماژەیە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی بەهۆی بۆمبە چێنراوەکانی سەر ڕێگەکانەوە تا دێت زیاتر دەبێت، ئەوەش یەکێکە لە هۆکاری سەرەکی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئەفغانستان.

بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆمبە چێنراوەکانی سەر ڕێگەکانەوە کوژراون و برینداربوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG