Accessibility links

ئێران دەڵێت وەڵامێکی توندی دەبێت بۆ هەر هەنگاوێکی ئەمەریکا لە دژی


لە وڵامی ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن دانۆڵد ترامپ لە هەفتەی ڕابردوودا داوای کردبوو بژاردەکانی هێرش بۆ سەر بنکەی سەرەکی ناوکی ئێران تاوتێ بکرێن، وتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە هەر هێرشێکی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران رووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە.

عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لە لێدوانێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی حکومەت بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "هەر کردەوەیەک لە دژی وڵاتی ئێران بکرێت بێگومان رووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە".

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە لە زاری کاربەدەستانی ئەمەریکاوە ڕایگەیاند ترامپ، لەگەڵ ڕاوێژکارە پلەبەرزەکانیدا کۆبۆتەوەو و سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر کارگەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز ڕاوێژی پێکردون و دواتریش بژاردەکە لە لایەن ڕاوێژکارانەوە ڕەت کراوەتەوە و سەرۆکی ئەمەریکایان لە بژاردەکە پاشگەز کردۆتەوە.

یەکێک لەو ڕاوێژکارانەی لە ڕاپۆرتەکەدا ناوی هاتووە ، مایک پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئیسرائیل بکات، وڵاتێک کە ماوەیەکی زۆرە ئاماژە بە کردەوەی سەربازی دەکات لە دژی ئێران و خوازیاری بەرنگاری لە دژی ئەو وڵاتەیە.

دوای ڕاپۆرتەکە یوڤال شتاینتز وەزیری وزەی ئیسرائیل گوتی " ئەگەر من لە جیاتی ئێران بام هەستم بە ئاسوودەگی نەدەکرد" و گوتیشی کە ئەو ئاگاداری ئەو دانیشتنەی هەفتەی ڕابردووی نووسینگەی سەرۆکی ئەمەریکا نەبووە.

شتاینتز بە ڕادیۆ ئەرتەشی ئیسرائیلی گوت " زۆر گرنگە ئێرانییەکان بزانن ئەگەر بەڕاستی لە پڕێکدا بەرەو بەرزبوونەوەی پیتاندن بە ئاراستەی چەکی ناوکیدا هەنگاو بنێن، ئەوا ڕووبەڕووی هێزی سەربازیی ئەمەریکا و لەوانەیە وڵاتانی دیکەش ببنەوە".

ئێران دەڵێت بەرنامە ناوکییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییە. ڕەبیعی ئیسرائیلی بە "شەڕی دەروونی" لە دژی ئێران تۆمەتبار کرد.

ڕەبیعی دەڵێت " بۆچوونی تایبەتی من ئەوەیە کە پێشبینی ئەوە ناکەم ئەگەری ئەوە هەبێت ئەمەریکا بییەوێت نائارامی لە جیهان و ناوچەکەدا دروست بکات."

XS
SM
MD
LG