Accessibility links

کوژرانی وێنەگرێکی ڕۆیتەرز لە ئەفغانستان


بەپـێی فەرماندەیەکی لەشکری ئەفغانستان، وێنەگرێکی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ هەینی لە ناوچەیەکی نزیک سنووری پاکستان کوژرا کاتێک هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان و چەکدارانی تاڵیبان لەو ناوچەیە شەڕیان دەکرد.

فەرماندەکە بە ڕۆیتەرزی وتووە وێنەگر دانیش سدیقی کە ڕووماڵی شەڕەکانی دەکرد، لەو کاتە پـێوەبووە کە هێزەکانی حکومەت هەوڵی گرتنەوەی دەروازەی سپین بولدەک‌یان دەدا.

مایکڵ فریدنبێرگ، سەرۆکی ئاژانسی ڕۆیتەرز و ئەلیساندرا گالونی، سەرنووسەری ئاژانسەکە لە بەیاننامەیەکدا سەرەخۆشیان لە کەسوکاری دانیش سدیقی کرد کە بە ڕۆژنامەوانێکی دیار و هاوسەر و باوکێکی دڵسۆز و هاوڕێـیەکی زۆر خۆشەویست وەسفیانکرد. وتیشیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە لە پەیوەندیدان هەتا زانیاری زیاتریان لە بارەی ڕووداوەکەوە دەستبکەوێت.

دانیش سدیقی وێنەگرێکی بە توانا بوو و لە ساڵی 2010 وە کاری بۆ ڕۆیتەرز کردووە و خەڵاتی پولیتزەری فۆتۆگرافی بردووەتەوە و لە 2016 و 2017 ڕووماڵی شەڕی موسڵی کردووە و هەروەها ڕووماڵی قەیرانی ڕۆهینگیا و بومەلەرزەی نیپاڵ و ناڕەزایـیەکانی هۆنگ کۆنگ‌یشی کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG