کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا داوایان لە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کرد دووبارە چاو بخشێنێتەوە بە بڕیارەکەیدا سەبارەت بە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا.
کۆمارییەکان دەڵێن بوونی ئەو هێزانە وەکو بڕبڕەی پشتی ئەو بەرگرییە وایە کە ناتۆ دژی دوژمنکارییەکانی ڕوسیا پێکیهێناوە.
ئەندامەکان کە ژمارەیان شەش کەسە و ئەندامی باڵای کۆمارییەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران مایکل مکول و ئادەم کینینزینگەر سەرپەرشتیان دەکەن لە نامەیەکدا دەڵێن بوونی سەربازی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا خزمەت بە بەرژوەندییە ستراتیژییەکانی واشنتن دەکات، نەک تەنها لە ئەوروپا بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاش کە لەو شوێنانە دەسەڵاتەکانی چین و ڕوسیا لە زیادبووندان.
سەرجەم ئەو کۆمارییانەی ئەم نامەیەیان واژۆ کردووە ئەندامن لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا.
مانگی ڕابردوو سەرۆک ترامپ وتی ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا بۆ 25,000 سەرباز کەم دەکاتەوە، هەروەها ڕەخنەی لە ئەڵمانیا گرت لەسەر ئەوەی پابەند نەبووە بە بەرپرسیارێتییە داراییەکانیەوە لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز