Accessibility links

ڕێکخراوێکی جیهانی: ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە ئاستێکی خراپدایە


ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور دەڵێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە کەوتووەتە خوارووی لیستەکەی بۆ ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا و دەڵێت تورکیا بووەتە گەورەترین زیندانی جیهانی بۆ ڕۆژنامەوانان.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت شەڕی چەکداری و تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامەوانان بە کاری تێرۆرستی و زیادبوونی چاودێری لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری و ئنتەرنێت، وەهایانکردووە کاری ڕۆژنامەگەری لەو ناوچەیە زۆر مەترسیداربێت.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا 13 ڕۆژنامەوان کوژراون و 20 ڕۆژنامەوانی دیکە وەک بارمەتە دەسـتگیرکراون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت سوریا مەترسیدارترین شوێنە لەو ناوچەیە بۆ کاری ڕۆژنامەگەری، وە مەسەلەی هەڵهاتنی ڕۆژنامەوانان لەوێ بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامە. دەشڵێت تەنانەت هەندێک ناوچەی هەیە وەکو چاڵە ڕەشەکانی گەردونی لێهاتووە کە نازانرێت لە نێویاندا چی دەگوزەرێن.

پاش سوریا، عەرەبستانی سعودیـیە و یەمەن و بەحرەین و ئێران و لیبیا و میسر و عێراق و تورکیا دێن لە ڕێزبەندی وڵاتە خراپەکان بۆ کاری ڕۆژنامەگەری.

دەڵێت عەرەبسستانی سعودیـیە و بەحرەین و میسر و لەگەڵیشیاندا ئیماراتی عەرەبی ئۆفیسەکانی کەناڵی جەزیرەیان داخستووە بە تۆمەتی لایەنگیری لە سەردەمی بەهاری عەرەبی و هەروەها بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە لە دژی وڵاتەکانیاندا.

سەبارەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕێکخراوەکە دەڵێت ئازادیـیەکان لەوێش کەمبوونەتەوە و ڕۆژنامەوانان لە لایەن گروپە ڕکابەرەکانەوە دەسـتگیردەکرێن و چەندان دەزگای ڕاگەیاندن ناچارکراون دابخرێن و ڕۆژنامەوانان ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی بوونەتەوە. هەندێک لەو میدیا و ڕۆژنامەوانانە دەڵێن لە لایەن سیاسیـیەکان و گروپە چەکداریـیەکانی کە دەستیان لە گەندەڵیدا هەیە کراونەتە ئامانج. دەشڵێت ڕۆژنامەوانانی کوردستان زۆر بە خراپی زیانیان پـێکەوت بەهۆی گرژیـیەکانی پەیوەست بە ڕیفراندۆم و ناڕەزایـیەکانەوە.

لە ئێرانیش هەتا دێت هاوڵاتیان و ڕۆژنامەوانان سەختی زیاتر دەبینن لە دەربازبوون لە چاودێری حکومەت. دەڵێت ڕژێمی ئێران مەترسی هەیە هەواڵ و زانیاریـیەکان بە ئازادانە بڵاوبکرێنەوە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خستووەتە ژێر چاودێری خۆیەوە، بۆیە لە ئێستادا ڕۆژنامەوانان و هاوڵاتیانی ئاسایی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانیان کردووەتە ناوەندی خەباتیان لە پـێناو ئازادی دەست گەیشتن بە زانیاریـیەکان و گۆڕینی سیاسی لە ئێراندا.

ڕێکخراوەکە لە بەشێکی ڕاپـۆرتەکەی باس لە تورکیا دەکات، دەڵێت ئاستی ئازادی ڕۆژنامەگەری لەوێش زۆر دابەزیوە و بووەتە گەورترین زیندان لە جیهاندا بۆ ڕۆژنامەوانانی پـرۆفیشناڵ وە تەنانەت چەند جارێک لەوێ ڕۆژنامەوانان بە کۆمەڵ دادگایی‌کراون. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لە پاش هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 بە دەیان ڕۆژنامەوان دادگایی‌کران بە تۆمەتی پەیوەست بە هەوڵی کودەتاکە. هەندێک لەو ڕۆژنامەوانانە سزای زیندانی هەتاهەتایی دراون.

باس لەوەش دەکات لە ئێستادا لە تورکیا سەروەری یاسا تەنیا بووەتە شتێک لە یادەوری خەڵکی، وە نمونەش بۆ ئەمە لە مانگی یەکی ئەمساڵی 2018 دادگای دەستوری تورکیا بڕیاری ئازادکردنی دوو ڕۆژنامەوانی دا، بەڵام هێشتا ئازاد نەکراون.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە درێژەی ڕاپـۆرتەکەیدا ئاماژە بەو وڵاتانەی جیهانیش دەکات کە ئاستی ئازادی ڕۆژنامەگەری تیایاندا زۆر باشە. نەرویژ بە پەلەی یەکەم دێت و پاشان سوید و هۆڵەندا و فنلەندا و سویسرا و جامایکا.

بەڵام دەڵێت خراپـترین وڵات لە جیهاندا کۆریای باکورە و بە دوایدا ئێریتریا و تورکمانستان و سوریا و چین و ڤێتنام و سودان.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بە پلەی 45 هەمین دێت لە نێو یەکەم 50 وڵاتی کە تیایاندا ئاستی ئازادی ڕۆژنامەگەری باشە.

XS
SM
MD
LG