توێژینەوە نوێیەکان ئەوە دەردەخەن ئەو کەسانەی لەکاتی خەوتن درنگ دەگەنە قوناغی خەو بینین یان قۆناغی 'ئار ئی ئیم' (REM) کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە چەسپاندنی یادەوەرییەکان و پرۆسێسکردنی زانیارییە سۆزدارییەکاندا، لەوانەیە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر زیاتر بێت. ئەم دواکەوتنە لە خەودا دەبێتە هۆی تێکدانی پرۆسەی فێربوون و یادەوەری و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی سترێس (کۆرتیزۆڵ) و زیانگەیاندن بە بەشە گرنگەکانی مێشک وەکو هیپۆکامپوس.
توێژەرەوان دەڵێن دەرنگ چوونە ناو قۆناغی خەو بینینەوە لە کاتی خەودا دەتوانێت ببێتە هۆی دەستوەردان لە پتەوکردنی یادەوەرییەکان و ڕێکخستنی هەستەکاندا.
قۆناغی خەون بینین لە خەودا بە جوڵەی خێرای چاو یان REM ناسراوە. ئەمەش یەکێکە لەو چوار قۆناغەی خەوتن کە نزیکەی 90 خولەک دەخایەنێت. لەوانەیە کەسێک لە شەوێکی ئاساییدا چوار یان پێنج جار بچێتە ئەم قۆناغەی خەونبینین.
ئێستا، توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن ئەو کەسانەی کە کاتێکی زۆریان دەوێت تا دەچنە ناو خەوی REM، لەوانەیە مەترسییان لەسەر بێت تووشی ئەلزەهایمەر بن. ئەگەر قۆناغی خەونەکان بەپێی پێویست نەبوو یان دواکەوت، لەوانەیە هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ زیاد بکات. ئەمەش دەتوانێت هیپۆکامپوسی مێشک تێکبدات، کە پێکهاتەیەکی گرنگە بۆ چەسپاندنی بیرەوەری.
خەوی باشی شەوانە زۆر گرنگە بۆ تەندروستی مێشک و توێژینەوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ئاماژە بەوە دەدەن کە خەوتنی کەم مەترسی توشبوون بە خڵەفان زیاتر دەکات.
یو لێنگی نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی دەروونی و زانستەکانی هەڵسوکەوت لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سان فرانسیسکۆ دەڵێت " توێژینەوەکانی پێشوو زیاتر جەختیان لەسەر خەوی شەپۆلی هێواش یان خەوی قووڵ کردووە وەک هۆکارێکی مەترسیدار بۆ نەخۆشی ئالزهایمەر." ئەمە یەکەم توێژینەوەیە کە سەیری ئەوە دەکات کە چەند دەخایەنێت بۆ چوونە ناو خەوی REM ەوە وەک نیشانەیەکی نوێ بۆ نەخۆشی ئالزهایمەر."
کاتێک باس لە چالاکی مێشک دەکەیت، قۆناغی خەوی REM وادیارە کە ڕۆڵێکی زۆر گەورەی هەبێت لە پڕۆسەکردنی یادەوەرییە بە هەستەکاندا.
دکتۆر لێنگ و هاوکارەکانی بۆیان دەرکەوتووە کە دواکەوتن لە چوونە ناو قۆناغی خەو بینینەوە یاخود قۆناغی REM وادیارە کە توانای مێشک بۆ پتەوکردنی یادەوەرییەکان تێکدەدات، ئەوەش لە ڕێی دەستوەردانەوە لەو پڕۆسەیەدا کە یارمەتیدەرە لە فێربوون و یاددا.
بۆ ئەم توێژینەوەیە، توێژەران بەدواداچوونیان بۆ 128 کەسی پێگەیشتووی کردووە کە تەمەنیان بە تێکڕایی 70 ساڵ بووە، لە بەشی دەماری نەخۆشخانەی دۆستایەتی چین - ژاپۆن لە پەکین. نیوەیان نەخۆشی ئالزهایمەرییان هەبووە و نزیکەی یەک لەسەر سێیان نەخۆشی پەککەوتنی هۆشیاریی سووکییان هەبووە، کە نیشانەیەکی سەرەکی ئالزهایمەرە. ئەوانی تر کێشەی هۆشیاریی ئاساییان هەبووە.
تیمەکە چاودێری بەشداربووانییان کرد لە کاتێکدا کە لە کلینیکێکدا خەوتبوون و چالاکییەکانی شەپۆلی مێشک و جووڵەی چاوییان و لێدانی دڵییان و هەناسەدانییانیان پێواوە.
توێژەرەوان نەخۆشەکانییان دابەش کرد بەسەر ئەوانەدا کە زووتر چوونەتە قۆناغی REM ەوە لە کەمتر لە 98 خولەک دوای خەوتنییان، لەگەڵ ئەوانەدا کە درەنگتر چوونەتە قۆناغی REM ەوە زیاتر لە 193 خولەکییان پێچووە لە دوای ئەوەی کە خەوتوون.
ئەوانەی کە نیشانەی ئالزهایمەرییان هەبووە درەنگتر چوونەتە قۆناغی REM ەوە. ئەمانە دوو پڕۆتینی ژەهراوییان بە ئاستێکی زیاتر هەبووە، ئامیلۆید و تاو، ئەم دوو پڕۆتینەش لەو کەسانەدا باون کە ئالزهایمەرییان هەیە.
ئەنجامەکان دەریاخست کە ئەوانەی دواکەوتوون لە چوونە ناو قۆناغی خەوی REM ەوە لە سەدا 16 ئامۆلۆید و لە سەدا 29 تاوییان زیاتر بووە وەک لەوانەی کە زووتر چوونەتە قۆناغی خەوی REM ەوە. ئەوانەی دواکەوتوون لە سەدا 39 پڕۆتینی تەندروستی کەمترییان هەبووە کە بە فاکتەری نیۆرۆترۆفیک ناسراون، ئەو پڕۆتینە لە نەخۆشەکانی ئالزهایمەردا کەمتر دەبێتەوە.
بەڕێوبەری پەیوەندییەکانی تەندروستی و زانستی ئالزهایمەر ستێفانیا فۆرنەر دەڵێت ئەم ئەنجامانە پشتگیری لە زیادبوونی بەڵگەکان دەکەن لەسەر ئەوەی کە کەمی خەو و تێکچوونی خەو ڕەنگە ببنە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشی ئالزهایمەر و نەخۆشییەکانی دیکەی مێشک.
وتی " ئەم توێژینەوەیە لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە هۆکارەکانی مەترسی توشبوون بە ئالزهایمەر، وەک خەوی کەم، لەگەڵ ئەوەشدا، دووبارەکردنەوەی ئەم دەرەنجامانە لە لەسەر خەڵکێکی زیاتر و هەمەجۆرتر پێویستە. توێژینەوەکە لە ژینگەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵکراودا ئەنجامدراوە و توێژینەوەیەکی داتای جیهانی ڕاستەقینە گرنگە بۆ توێژینەوەیەکی داهاتوو."