Accessibility links

سوریا دەڵێت شوێنی داعشی لە ڕۆژئاوای ڕەققە بۆردمانکردووە


دەزگاکانی ڕاگەیاندی فەرمی سوریا دەڵێن هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیان شوێنەکانی داعشیان بۆردومان کردووە لە ڕۆژئاوای پارێزگای ڕەققە لە دیوی باشوری ڕووباری فورات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی سانای فەرمی سوریا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە سەرچاوەیەکی لەشکریـیەوە بڵاویکردەوە کە گوتویەتی"هێزی ئاسمانی لەشکری عەرەبی سوری بارەگا و ماشێن و زرێپـۆشی داعشی لە گوندەکانی دێر ملێحان و دبسی عەفنان و قادسیە لە ناوچە گوندنشینەکانی ڕۆژئاوای ڕەققەیان تێکشکاندووە." ئەو گوندانە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری ڕەققەوە دورن.

لە لایەکی دیکە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هێزی تایبەتی ئەمەریکا و فڕۆکەی هاوپەیمانان هەوڵی پـێشڕەوی دەدەن بەرەو ناو شاری ڕەققە لە هەرسێ قۆڵی ڕۆژهەڵات و باکور و ڕۆژئاوای شارەکەوە.

لە ئێستادا شەڕی قورس لە ناوچەی مەشلەبی ڕۆژهەڵاتی شارەکە لە ئارادایە و بەپـێی سەرچاوەکانی نێو هێزەکانی سوریای دیموکرات چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوی ئەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکرێت. کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت 70%ی ناوچەی مەشلەب لە داعش ڕزگارکراوە. دەشڵێت لە دیوی ڕۆژئاواش ناوچەی دوڕیانی جزرە ڕزگارکراوە و هاوکات تۆپـبارانێکی قورسی شوێنی بارەگای فیرقەی 17 ی جارانی لەشکری سوریا دەکرێت کە دەکەوێتە باکوری شاری ڕەققە و لەوێ داعش هێزی خۆی دامەزراندووە.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لەوێ ژمارەیەک وێنەی گرتوون:

XS
SM
MD
LG